ناتۆ ڕایگەیاندووە کە هاتنەدەرەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بەردەوامە و لەو کاتەوە کە تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، تا ئێستا ١٨ هەزار هێز و کارمەندی بیانی لەو وڵاتە هاتووەتە دەرەوە.
بەرپرسێکی ناتۆ، ڕۆژی هەینی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنێکدا کە بەمەبەستی لێکدانەوەی بارودۆخی ئەفغانستان بەرێوەچووە، وتی: بارودۆخی ئەفغانستان لە ئیستادا چاوەڕواننەکراوە و ناتوانین لە ئیستادا لەسەر بارودۆخی کابوول هیچ بڕیارێک بدەین و تەنیا شتێک لە ئیستادا بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە هێزەکانمان لە کابوول بێنینە دەرەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا” یێنس ئێستۆلتێنبرگ” سکرتێری گشتیی ناتۆ لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ناتۆ لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان بۆ هێنانەدەرەوەی هێزەکانی لە پێوەندی دایە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە گرووپی تاڵیبان بە فەرمی دەناسین.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: گرووپی تاڵیبان دەبێ مافی هەموو هاووڵاتییانی ئەفغان بپارێزێ و کۆتایی بە توندوتێژی لەو وڵاتە بێنێ و ئەو وڵاتە نەکاتە شوێنێکی پارێزراو بۆ گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە.
لەلایەکی دیکەوە گرووپی تاڵیبان ڕۆژی هەینی داوایان لە پێشنوێژەکانی ئەفغانستان کردووە کە بە خەڵکی ئەفغانستان ڕابگەیێنن کە وڵاتی خۆیان بەجێنەهێڵن.
جێگای ئاماژەیە کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەفغانستان، پاش داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەفغانستان بە جێبهێڵن و ڕووبکەنە وڵاتێکی دیکە کە ژیانیان پارێزراو بێ.