وەحید هاشمی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی تاڵیبان، ڕایگەیاندووە کە حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان دێموکراتیک نابێ، لەبەر ئەویکە دێموکراسی لە ئەفغانستاندا هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و حکومەتێکی شۆرایی لە ئەفغانستاندا پێک دێنین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، وەحید هاشمی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” وتی: تاڵیبان دەیهەوێت بە شێوەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە ساڵەکانی ٩٦ تا ٢٠٠١ی زایینیی لە ئەفغانستان حکومەتیان دەکرد، دەسەڵاتداریی بکاتەوە و هەروەها حکومەتی داهاتوو بەهیچ جۆرێک دێموکراتیک نابێ؛ ئێمە لەهەمبەر ئەوەیکە لە ئەفغانستان چ جۆڕە حکومەتێک دابمەزرێنین هیچ قسەیەک ناکەین لەبەر ئەوەیکە زۆر بە ڕوونی ئێمە حوکمی شەریعەت جێبەجێ دەکەین.
هاشمی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە سەرباز و فڕۆکەوانەکانی پێشووی ئەفغانستان کرد کە پەیوەست ببن بە گرووپی تاڵیبانەوە و وتی: لە ئێستادا ئێمە زۆر پێویستمان بە فڕۆکەوان هەیە و دەمانهەوێت هێزێکی نوێ ساز بکەین.
بەپێی لێدوانی بەرپرسەکانی گرووپی تاڵیبان وەها دەردەکەوێ کە هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری ئێستای تاڵیبان وەکوو مەلا عومەر ڕێبەری پێشووی تاڵیبان لە سێبەردا دەمێنێتەوە و ئیدارە و بەڕێوەبردنی ئەفغاستان دەکەوێتە ئەستۆی شۆرایەک.