ڕابێرت مالی دەڵێ: گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا نییە و چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنە ڕووبەڕووی پرسیارێکی گەورە بووەتەوە.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری”پۆلێتیکۆ” کە ڕۆژی هەینی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاو بووەتەوە، سەرەڕای ئاماژە بە نەگەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و لەهەمبەر ئەوەیکە ئێران بۆ گەڕانەوە چی دەکا و چی ناکا وتی: وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا نییە و چارەنووسی وتووێژەکان ناڕوونە.
ڕابێرت مالی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ئەمریکا بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان ئامادەیە، وتی: ئەگەر ڕێککەوتنمان پێ دوور لە چاوەڕوانی بوایە، ئامادەیی خۆمانمان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەرنەدەبڕی.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا بگەن بە ڕێککەوتن، ئەوە دەچینە قۆناغێکی نوێوە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەکرا بە هاوکاری هاوپەیمانە ئورووپاییەکانمان کاردانەوەی توندمان لەبەرانبەر ئێراندا دەبێ.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی” بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە” لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەهەمبەر دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە لەهەمبەر خێراترکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، نیگەرانی توندی خۆیان بۆ ئامانجە ناوکییەکانی ئێران دەربڕی و هەوڵەکانی تارانیان بۆ خێراترکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ناوبرد.