سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی لەتیف، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری پیرکوور، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی هەینی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی ” لەتیف”خەڵکی گوندی دەرگەس، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری “پیرکوور” سەر بە شاری ڕاسک کوژرا.
چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە پاش ئەویکە “لەتیف” بارەکەی لە خاڵی سنووری دادەبەزێنێ و دەگەڕێتەوە، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە سنووری”پیرکوور” ناوبراو دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا لەتیف گیانی لەدەست دەدا و هێزەکانی ڕێژیم پاش ڕووداوەکە شوێنەکە بەجێدەهێڵن.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە کوشتنی سووتەمەنیبەرانی بەلووچ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار لە سەتا١٠ لە هەڵکشاندا بووە و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵکی هەژاری بەلووچ بە بیانووی قاچاخی سووتەمەنییەوە دەکەن و دەیانکوژن.