ئەفغانستان حەوتووی ڕابردوو ٩ میلیارد دۆلاری وەکوو پاشەکەوتی ماڵی لە ئەمریکا دانابوو، کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستانەوە دەستی بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە.
بەرپرسانی دەوڵەتی جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بە هەواڵدەریی” سی ئێن بی سی”یان ڕاگەیاندووە کە پاش داگیرکردنی خێرای ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە کە بوو بەهۆی ڕووخانی دەوڵەتی ناوەندی ئەفغانستان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستی بەسەر داراییەکانی ئەفغانستان کە ٩ میلیارد دۆلارە گرتووە و دەوڵەتی بایدێن ڕایگەیاندووە کە داراییەکانی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان لە ئەمریکا نادا بە گرووپی تاڵیبان.
هەرلەم پێوەندییەدا” تام بلاک” کارناس و لێکۆڵەری دامەزراوەی”فاندسترات” کە پێشتر ڕاویژکاری ماڵیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە وتی: حکوومەتی نوێی ئەفغانستان ناتوانێ لە داراییەکانی ئەفغانستان کە ئێستا لە ئەمریکادا دەستی بەسەردا گیردراوە کەڵک وەربگرێ و زۆر بە خێرایی تووشی کێشە و گرفتی ئابووری دەبێ.
لەلایەکی دیکەوە ئەجمەل ئەحمەدی، بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان کە پاش داگیرکردنی کابوول لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە هەڵاتووە لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی” سی ئێن بی سی” وتووە کە چاوەڕوانیمان لە وەزارەتی دارایی ئەمریکا ئەوەیە کە سەروەت وسامانی ئەفغانستان لە ئەمریکا بلۆکە بکا و ئیزن نەدا کە تاڵیبان دەستی بەو پارەیە ڕابگا.