کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەهەمبەر هەڵکشانی گیان لەدەستدانی خەڵکی ئێران بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە کاردانەوەیان نیشاندا.
چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەدەرکردنی بەیاننامەیەک و بەئاماژە بە قەدەغەی هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا لە سەر بڕیاری خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆکاری گیان لەدەستدانی خەڵکی ئێرانیان بەهۆی ئەو پەتایەوە بڕیاری تاکە کەسی ناوبرد و ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بێ ئەوەیکە پێبەندبن بە بەڵێنی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئێران، تەنانەت نیگەرانیش نین لەوەیکە ڕۆژانە بەسەدان کەس بەهۆی ئەو پەتا ماڵوێرانکەرەوە گیان لەدەستدەدا.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە بە تۆمەتبارکردنی خامنەیی لە گیان لەدەستدانی خەڵک ڕایانگەیاند کە لە پێشدا خامنەیی دیگووت نەخۆشینێک بەناوی پەتای کۆرۆنا بوونی نییە و ئەم پەتایە دەسکردی ئەمریکایە بۆ لەنێوبردنی جیهانی ئیسلام و پاشان ئامارەکانیان وەکوو خۆی بڵاونەدەکردەوە و چەواشەی ڕاستییەکانیان دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ئێران بەهەستکردن بە بەرپرسایەتی نەتەوەیی، ئایینیی و مەدەنی خۆمان داوا لە حکوومەت دەکەین بە خێراترین کات پێکوتەی کۆرۆنا بۆ هەموو خەڵک دابین بکا و پاشان پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە ماتەمینە بەکۆمەڵەکان لە مانگی موحەڕەمدا بگرێ.