پاش ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لەهەمبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و نیزیکبوونەوەی ئێران بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵانەی ئێران هیچ پاساوێکی نییە و ئێران دەیهەوێت دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای بانگهێشتی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکان و دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان وتی: هەوڵەکانی تاران بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم، تەنیا بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکییە و ئەم کارەی ئێران پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکییە.
وتەبێژی وزارەتی درەوەی ئاڵمان ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەوڵەکانی ئێران بۆ خێراترکردن پیتاندنی ئۆرانیۆم هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و تەنیا مەبەستی تاران لەم کارە بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژە و دەبێ پێش لە ئێران بگیردرێ.
هەرلەم پێوەندییەدا سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: هەموو بەرنامە ناوکییەکانی ئێران و پڕۆسەی پیتاندنی زیاتری ئۆرانیۆم پێشتر لەلایەن ئێرانەوە ڕاگەیاندراوە و پێبەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنە ناوکییەکانی کاردانەوەیەکە لەهەمبەر پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئەمریکاوە و پێبەند نەبوونی سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی بە ڕێککەوتنەکەوە.