لە ئیستادا کە شەپۆلی پێنجەمی پەتای کۆرۆنا گیان و تەندروستی هاووڵاتییانی ئێرانی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردوەتەوە، ئاکامی بڕیارە تاکەکەسییەکەی خامنەیی زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
نەرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤ وجێگری بەرپرسی ناوەندی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا قسەکان وبڕیارە تاکە کەسییەکانی خامنەیی لەهەمبەر پەتای کۆرۆنای بە پێشێلکردنی مافی ژیانی هاووڵاتییانی ئێران و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی جیهانیی ناوبرد.
شەپۆلی پێنجەمی پەتای کۆرۆنا خێراتر لەوەیکە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیێنن پەرەی سەندووە گیانی هاوولاتییانی ئێرانی ڕووبەڕووی مەترسی گەورە کردوەتەوە و چالاکانی مافی مرۆڤ لەم پێوەندییەدا خامنەیی بە تاونباری سەرەکیی گیان لە دەستدانی خەڵک ناو دەبەن.
جێگای ئاماژەیە کە خامنەیی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە پەتای کۆرۆنا دروستکراوی دەستی ئەمریکایە و بۆیە ئێمە بۆ کۆنترۆڵ و چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا یارمەتیی لە ئەمریکا وەرناگرین و هەروەها ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتانی دیکەوە قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.