گرووپی تاڵیبان لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا لە کابول پێتەختی ئەفغانستان، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە حکوومەتێکی ئیسلامیی گشتگیر لە ئەفغانستان دادەمەزرێنێ وتی: لە چوارچێوەی یاساکانی ئیسلامدا ڕێز لە مافی ژنان لە ئەفغانستان دەگیردرێ و بەڵێن دەدەین ئاسایش و سەقامگیریی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان دابین بکەین.
زەبیحوڵا موجاهێد، وتەبێژی گرووپی تاڵیبان لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئەو گرووپەدا ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاویژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای پیرۆزبایی کۆتایی هاتنی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە وتی: ئەفغانستان جارێکی دیکە پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە و ئێمە نامانهەوێت شەڕ لە ئەفغانستان دڕێژەی هەبێ و خوازیاری دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامین لە ئەفغانستان.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پاراستنی هاووڵاتییان و دەفتەری نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی وڵاتانی دیکە لە ئەفغانستان یەکێکە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی ئێمە، تاڵیبان هیوادارە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەڵسووکەوت بکا.
موجاهێد هەروەها ڕایگەیاند کە پاش دامەزرانی حکوومەت لە ئەفغانستاندا بۆ هەموو کەس دەردەکەوی کە ئێمە نامانهەویت هیچ دوژمنێکی نێوخۆیی و دەرکیمان هەبێ و هیچ هەوڵێک بۆ تۆڵەکردنەوە لە بەرپرسانی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان نادەین و لێبوردنی گشتیی بۆ هەموو سەربازەکان و کارمەندانی پێشووی حکوومەتی ئەفغانستان دەردەکەین.