وەزیری دەرەوەی بریتانیا، بەئاماژە بەسەرسووڕمانی وڵاتەکەی لەهەمبەر خێرا داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە وتی: بریتانیا ئیزن نادا ناوچەکە ببێتە بنکەی تێرۆریزم.
دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەڵاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە سێهەمین دانیشتنی پێویست و بەپەلەی”کوبرا” لەهەمبەر بارودۆخی ئێستای ئەفغانستان پاش هاتنەسەرکاری تاڵیبان وتی: ئەگەر گرووپی تاڵیبان مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان پێشێل بکا ئەوە بریتانیا پێش لەهەموو یارمەتییەک بۆ ئەفغانستان دەگرێ و ئێزن نادەین کە ئەفغانستان ببێتە بنکەیەکی تێرۆریستی لە ناوچەکەدا.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ئێستادا هەموو هەوڵەکانی بریتانیا بۆ ئەوەیە کە بتوانێ لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ئەفغانستاندا، کارمەندان و بەڕێوەبەرانی باڵوێزخانەکەی لە کابوول بگوازێتەوە بۆ بریتانیا و بۆیە ٢٠٠سەربازی دیکەی بۆ پاراستن و گواستنەوەی دیپلوماتەکانی ڕەوانەی ئەفغانستان کردووە.