ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەهەمبەر بارودۆخی ئەفغانستان، جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە دەبێ گرووپی تاڵیبان پێبەندبێ بە یاساکانی مافی مرۆڤەوە و مافی ژنان لەو وڵاتە بپارێزێ.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتگەلێکمان لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی ژنانەوە پاش بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستانەوە بە دەست گەیشتووە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانیی دەکەین پشیوانی لەو هاوڵاتییە ئەفغانییانە بکەن کە ژیانیان ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
هەرلەم پێوەندییدا نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەران لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرەڕای ئاماژە بە ئاوارەبوونی سەدان هەزار ئەفغانی بەهۆی شەڕەوە وتی: ئێمە پشتیوانیی لە پەناخوازە ئەفغانییەکان دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی یونیسێف”ڕێکخراوی پشتیوانی لەمافی منداڵان” ڕایگەیاند کە بەهۆی شەڕەوە لە ئەفغانستان زیاتر لە 550 منداڵ کوژراو و بریندار بوون و ئەفغانستان لە ئێستادا شوێنێکی زۆر مەترسیدارە بۆ ژیانی منداڵان و ئێمە پێبەند دەبین بە گەیاندنی یارمەتییەکانمان بۆ منداڵانی ئەفغانی.
لە کۆتایی کونفرانسەکەدا ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە”ئانتۆنیۆ گۆتێرێز” داوای خێرای کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان و پارێزراوبوونی مافی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئەفغانستان، بە تایبەت ژنان دەکا.