مایک پۆمپێئۆ دەڵێ: ئەگەر ئێستا دەورانی سەرۆککۆماری دۆناڵد ترامپ بوایە، تاڵیبان دەیزانی کە ئەگەر بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بجوڵێتەوە دەبێ باجێکی قورس بدا.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فاکس نیوز، بەئاماژە بە کوشتنی قاسم سولەیمانی یەکێک لە گەورە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا وتی: ڕێژیمی ئێران دەزانێ کە نابێ بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بجوڵێتەوە دەنا باجێکی قورس دەدا و تاڵیبانیش ئەوەی هەست پێکردووە.
ناوبراو هەروەها قسەکانی جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کە وتبووی ترامپ دەستی لە بە دەسەڵات گەیشتنی دووبارەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا هەبوە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە تاڵیبان پاش بڕیارەکەی جۆبایدێن سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان خۆی بەهێز و پڕ چەک کردەوە و زۆر بە خێرایی ئەفغانستانی داگیرکرد.
هەرلەم پێوەنییەدا دۆناڵد ترامپ پاش داگیرکردنی کابۆل لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە ڕەخنەی توندی لە بایدێن گرت و وتی: بڕیاری هەڵەی بایدێن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان هۆکاری سەرەکییە بۆ مەترسی سازکردن لە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دەرفەت بۆ گرووپی توندڕەوی تاڵیبان دەڕەخسێنێ کە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.