لە کاردانەوە بە ڕووداوەکانی ئەفغانستان، ئیبراهیم ڕەئیسی، لە پەیامێکدا محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانی ئەرکدار کردووە بە پێبەندبوون بە یاسا و ڕێساکانی دراوسێیەتی لەگەڵ ئەفغانستان.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی زانیارییەکانی دەوڵەت، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە وتووێژێکدا لەگەل محەممەد جەواد زەریف، ئاسایش و سەقامگیری بە مافی خەڵکی ئەفغانستان دەزانێ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران بۆ گەڕانەۆەی سەقامگیریی ئەفغانستان کە پێویستییەکی سەرەکییە لە ئێستادا هەوڵ دەدا و وەکوو وڵاتێکی دۆست و برا هەموو گرووپ و لایەنەکان بانگهێشتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نەتەوەیی دەکا.
ڕەئیسی بە ئاماژە بەوەیکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ئەو باوەڕەیە سەروەریی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئەفغانستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بەردەوام هەوڵێکبووە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ئەفغانستان وتی: ئێران بە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئاڵوگۆڕەکانی ئەفغانستان دەکا و وەکوو وڵاتێکی دراوسێ پێبەند دەبێ بە هەموو یاساکانی درواسێیەتی لەگەڵ ئەفغانستان.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: شکستی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە ئەفغانستاندا.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای جیاوازی ئیدئۆلۆژیک لەگەڵ تاڵیبان بەردوام پشتیوانی ئەو گرووپە بووە بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و لە دەرفەتێک دەگەڕێ کە وەکوو وڵاتی عێراق دزە بکاتە نێو ئەفغانستان و بەکەڵک وەرگرتن لە نەبوونی هێزی دەرەکیی لەو وڵاتە هیژمۆنی خوی لەو وڵاتەدا بسەپێنێ.