بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی ئەم حیزبە لە سلێمانی بەرز راگیرا.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیانی باشووری کوردستان، لە سمینارێکی تایبەتدا یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز راگیرا.
لەم سمینارەدا کە سەرەتا بە ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان و تازەترین شەهیدی دەستی تاوان و تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دەستی پێکرد، بەڕێز کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی پێشکەش کرد.
بەڕێز باڵەکی لە باسەکەیدا کە تایبەت بوو به “کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر گەشەسەندنی شعوری نەتەوەیی لە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان”دا، باسی لە دەسکەوتە زەینی و بەرهەستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد کە تا ئێستاش بەشێکی هەرە ئەساسین لە ماهییەت و پێناسەی نەتەوەیی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و کوردیان وەک میللەت پێ پێناسە دەکرێ. لەم پێوەندییەدا بەڕێز عومەر باڵەکی باسی له دەسکەوتە مەزنەکانی وەک؛ دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، دانانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سروودی نەتەوایەتی و .. هتد کرد کە بۆ کورد وەک نەتەوە هێما و سەمبوولی خۆپێناسەکردنن.
عومەر باڵەکی لە درێژەی باسەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەڵبژاردنی ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، جەختی لەسەر ماهییەتی ئاشتیخوازانەبوونی پەیام و سیاسەتی حیزبی دێموکرات کردەوە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا ئەم حیزبە پێی وەفادار ماوەتەوە. هەر لەم بارەوە باڵەکی ئاماژەی بە بەرەنگاریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بەرانبەر بە هێرش و سیاسەتی سەرکوتی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران، بەرگری لە مان و مەوجوودیەتی خەڵکی کوردستان کردوە و لە مێژووی ٧٦ ساڵەی ژیانی ئەم حیزبەدا بوونی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵی لەم خەباتەدا پرشنگدار و جێی شانازییە.
کاک عومەر لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لەو زام و برینانە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە درێژایی ئەم ٧٦ ساڵە هەڵیگرتوون؛ روخانی کۆماری کوردستان، لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆککۆمار، تێرۆری دەیان کەس له ڕێبەران و کادرو پێشمەرگەکانی حیزب و شەهیدبوونی هەزاران تێکۆشەری ئەم حیزبە، تەقینەوە و مووشەکباران و، وەک تازەترین نموونە، تێرۆری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، کاک مووسا باباخانی، سەردێری ئەو قوربانیدانانە بوون کە حیزبی دێموکرات لە ماوەی تەمەنی خۆیدا تەحەموولی کردوون. لە درێژەی ئەم باسەدا بەڕێز عومەر باڵەکی، باسی لە داهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان کرد و پێداگری لە سەر ڕێکخستنی نێوماڵی کورد و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە.
لە درێژەی سمینارەکەدا دوای خوێندنەوەی چەند پارچە شێعرێک لەلایەن خاوەن هەستێکی بەشداری سمینارەکە، چەند بەشداربوویەکی بەڕێز بە هێنانەبەرباسی سەرنج و پرسیارەکانیان، بەشدارییان لە باسەکەدا کرد کە لەلایەن عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە وڵامیان درایەوە.