رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١ سەدان کەس لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکانی دژ بە ڕژیمی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەھاتووی ئێران و مەحکومکردنی تیرۆری ناجوانمێرانەی شەھید مووسا باباخانی لە شاری لەندەن و لەبەر دەم باڵوێزخانەی ئەو ڕژیمە تێرۆریستە کۆبونەوە.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە چەندین سرودی شۆرشگێڕانە و نیشتمانی دەستیپێکرد و دواتر ئامادەبووان بە دروشمی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان لە کوردستان تا ئەھواز بۆ نەتەوەکانی ژێر زوڵمی ڕژیمی ئێران دەربڕی.
لە بەشی یەکەمی ئەو خۆپیشاندانە پەیامی “ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران” “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ” “شۆڕای دیمۆکراسی خوازانی ئێران و “پێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران” لە لایەن خاتوو “گۆڵاڵە سەلیمی بابامیری” ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی زۆڵملێکراوی ئەھواز و گەلانی کوردستانی و ئێرانی خۆێندرایەوە.
دواتر پەیامی “ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران” بۆ مەحکوومکردنی تیرۆری ناجوانمێرانەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەھید”مووسا باباخانی” لە لایەن بەرێز” فەرید دەیھیم” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
پەیامی “کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان” بۆ مەحکوومکردنی تیرۆری شەھید “مووسا باباخانی” بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپێشاندانە لە لایەن بەرێز “ئێدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پێشکەشکرا.
لە بەشی چوارەمی خۆپێشاندانەکە بەرێز “حەمید مورتەزازادە” نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامی سکرتاریای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لە مەحکوومکردنی تیرۆری “مووسا باباخانی” بۆ ئامادەبووان خۆێندەوە.
ھاوکات لەگەڵ خۆپێشاندان، پەیامی “کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان” بۆ مەحکوومکردنی تیرۆری شەھید “مووسا باباخانی” بە زمانی ئینگلیزی و بۆ ئاگاداری خەڵکی لەندەن لەو کردەوە تیرۆریستیەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کرایەوە.
لەو خۆپێشاندانە بە دروشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی، بەلووچی و عەربی بۆ پشتیوانی لە نەتەوەکانی ژێر ستەمی کۆماری ئیسلامی و مەحکومکردنی تیرۆری شەھید “مووسا باباخانی” لە لایەن خۆپێشاندەران دران.
شایەنی باسە سرودی “خوایە وەتەن ئاواکەی” لە لایەن پێشمەرگەی دێرین و بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێز “ئیرەج سامی” پێشکەش بە خوێنی سووری شەھید “مووسا باباخانی” و ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان کرا.
خۆپێشاندان کاتژمێر ٢ی پاشنیوەرۆ بە کاتی بریتانیا دەستیپێکرد و کاتژمێر ٤ی ئێوارێ کۆتایی پێھات.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
شورای دمکراسی خوازانی ئێران
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال
یەکیەتی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران