رۆژی شەممە٢٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی ھەتاوی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆڕیادێکی بۆ رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی شەهید مووسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە رۆژی ١٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی ھەتاوی لە شاری ھەولێر بە دەست نێردراوە تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێنرا و بەداخەوە لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژدا بە شەهید کراوی دۆزرایەوە و رووحی پاکی تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی رێگای رزگاری حیزب و گەل بوو، پێک هێنا.
سەرتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن رووحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەکان خاتوو شاناز کاکە ئازەر ریزبەندی بەرنامەکان پێشکەش کرا.
وتاری کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کاک شۆرش بێهرووزی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی دوورگەی “شیلەند” دانمارک خوێندرایە.
بەرێزیان وێرای بەخێرهێنانی بەشداربوانی ئەو کۆڕیادە، تیشکی خستە سەر پێناسەی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرتای دامەزرانیەوە هەڵگری پەیام و پێناسەی تیرۆریست بوون و تیرۆریست پەروەری ئەوە رێژیمە بوو و بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپایی و ئامریکاییش بۆتە هۆکاری دەست ئاواڵەیی ئەوە رێژیمە بۆ پەر پێدانی ئەو کردەوە دژە مرۆڤانەیەی، هەر وەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی رۆڵ و کاریگەرییەکانی شەهید مووسا باباخانی لە مەیدانی کاری میدیایی و تەشکیلاتی لە کرماشان و خواری کوردستان بە گشتی کرد و لە کۆتاییدا وێرای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە ناجوانمێرانەیەی کۆماری ئیسلامی ، پرسە و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و هاورێیانی کاک موسا کرد و بەڵینی درێژەدانی رێگای شەهیدانی تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی شەهیدان دووپات کردەوە.
لە برگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا بەرێز کاک حەمە ڕەسول کەریمی بەرپرسی تەشکیلاتی گشتی دەرەوەی وڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب وتارەکەیانی لە توێی چەند بابەتدا پێشکەش کرد، بەرێزیان وێرای بە داخ بوونی گیان بەخت کردنی شەهید موسا باباخانی و بە ئاوڕدانەوە لە چالاکی حیزبی دێموکرات لە کرماشان و خوارووی کوردستان و هەرەوها نوێنەرایەتی میرزا برایم نادری لە دەورانی کۆماری کوردستاندا و بە گشتی گرینگی کاری رێکخراویی لەو ناوچانە هەم لە بواری ئیستراتیژیک و هەمیش لە بواری ئایینەوە بۆ هەر دوو لایەنی کۆماری ئیسلامی و حیزبی دێموکراتی کوردستان خستە بەر باس و هەروەها تیشکی خستە سەر کار و تێکۆشان و کاری رێکخراوەیی شەهید مووسا کە هەر ئەو هەڵسوور بوونەی بەرێزیان لەو ناوچەیە ببوو مایە سەر ئێشە بۆ کۆماری ئیسلامی. بەرێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا وێرای باس لە هەلسووکەوتی دوور لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کۆماری ئیسلامیی، هەروەها هاندانی لاوانی کورد بۆ نێو رێزەکان شۆرش بە دژی ئەو سیستمە و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو و یەکڕیزی ناومالی کوردی بە زامنی سەرکەوتنی گەلەکەمان ناوزەد کرد. .
“وەفایەک بۆ فەرماندە شەهیدەکەی داڵاهۆ” ھۆنراوەی “جەمیل سەرمەستی “ کە لە لایەن ئەحمەد ڕەحمانیەوە خوێندرایەوە،
“من سمکۆ، قازی ، قاسملوو ، شەرەفکەندی و قادرییەکانی سەردەمم” ناونیشانی پەخشانێک بوو کە لە لایەن ڕەشید قازیەوە پێشکەش کرا.
ژەنینی تەمبوور”کەلامی یارسان” بە دەست و پەنجە و دەنگی “کاوە کەواڵی” کە لە دوو برگەدا پێشکەش کرا بەشێکی دیکە لە ناوئاخنی بەرنامەکان بوو.
لە دوایین برگەی کۆڕیادەکە پەیامی حیزب و لایەنە سیاسیەکان خوێندرایە کە بریتی بوون لە :
1. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
٢. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک.
٣. ناوەندی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە دانمارک.
٤. پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریە.
٥. پارتی ئازادی کوردستان.
٦. پارتی سۆسیالیستی کوردستان.
٧. کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
٨.مامۆستا مەسعود نادری هاورێ و هاوسەنگەری شەهید مووسا باباخانی.
بروسکەکان:
١. پارتی دێموکراتی کوردستان ، لێژنەی ناوچەی دانمارک.
٢. حیزبی شیوعی کوردستان ، رێکخراوی دانمارک.
٣. پارتی ماف و ئازادی “هاکپار”کۆمیتەی دانمارک.
٤. پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان”حدکا ”
٥. پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە.
سروودی ئەی شەھیدان دوا بڕگەی ئەم کۆڕیادە بوو.