خه‌ڵكی تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ری کوردستان!
ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات!
٢٥ی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ، ٧٦ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی کۆماری کوردستان و حیزبی پێشه‌نگی قۆناغه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، تێده‌په‌ڕێ و به‌مجۆره ئه‌و حیزبه پێ ده‌نێته چارهگهسهدهی چواره‌می ته‌مه‌نی سیاسی و خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی. له‌و بۆنه به‌شکۆیه‌دا وێڕای ناردنی هه‌زاران سڵاو بۆ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و حیزبه – له سه‌روویانه‌وه قازی محه‌ممه‌د- و هه‌موو شه‌هیدانی کاروانی نه‌پساوه‌ی خه‌باتی ئه‌و حیزبه، پیرۆزبایی هه‌رمان و خۆڕاگریی سه‌ربه‌رزانه‌ی حیزبی دێموکرات به خه‌ڵكی کوردستان و ئه‌ندامان و لایه‌نگران و کادر و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی دێموکرات ده‌ڵێین و په‌یمانی شێلگیری و وه‌فاداری به ڕێبازی شه‌هیدانیان له‌گه‌ڵ نوێ ده‌که‌ینه‌وه.
حیزبی دێموکرات وه‌ک یه‌که‌مین حیزبی هاوچه‌رخی کوردی که خاوه‌نی پێگه‌ی فراوانی خه‌ڵکی بێ و تا ئێستا له مه‌یدانی خه‌باتی به‌کرده‌وه‌دا مابێته‌وه، بۆ وڵامدانه‌وه به زه‌رووره‌تێکی مێژوویی دامه‌زرا که تا ئێستاش هه‌ر له جێگای خۆیه‌تی. ئه‌و زه‌رووره‌ته بریتی بوو له ته‌یارکردنی گه‌لی کورد به ئامرازێکی ڕێکخستنی جڤاكی و نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی که هه‌ر له‌و کاته‌دا که هه‌ڵقوڵاوی واقعییه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگەی کوردستان بێ، خه‌باتی کورد به ڕوح و ڕێکارێکی سه‌رده‌میانه بباته پێش و پرسی کورد له خانه فراوانتره‌کانی کارتێکه‌ریی سیاسی‌دا پێناسه بکا و ڕێوشوێنی گونجاوی بۆ بدۆزێته‌وه. حیزبی دێموکراتی کوردستان یه‌که‌مین تاقیکاریی ژیانی سیاسی و خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی به ئه‌زموونی پڕشنگداری حوکمڕانیی کوردی و له ڕێگای دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی یه‌که‌مین و تاقانه کۆماری مێژووی کورد ده‌ست پێ کرد. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا کۆمه‌ڵێک هێمای سیاسی و شوناسخوازانه‌ی داهێنا و فه‌رهه‌نگ و ڕوومایه‌کی جوان و دروستی له کوردایه‌تیدا جێخست که دواتر هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد به هی خۆی کردن. هه‌ربۆیه هه‌ر له ده‌سپێکه‌وه حیزبی دێموکرات بوو به ڕووگه‌ی زه‌ینی و مێژوویی نه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی تێکۆشه‌رانی کورد له پارچه جیاوازه‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت زۆر له ئازادیخوازانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئێرانیش. دواتریش، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگ و سه‌ختییانه که ئه‌و حیزبه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شوومی هه‌ردوو ڕێژیمی پاشایه‌تی و ئیسلامی له ئێران و له ژیئۆپۆلیتیکی دژوار و ناله‌باری ناوچه له سێ چاره‌گه سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌گه‌ڵیان ڕووبه‌ڕوو بووه، له‌سایه‌ی باوه‌ڕی چه‌سپاو و سووربوون له‌سه‌ر خه‌باتی به‌کرده‌وه و بردنه‌پێشی ئه‌و خه‌باته به پشتیوانیی خه‌ڵکی کوردستان و به پابه‌ندی به کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپ و بایه‌خ، حیزبی دێموکرات بووه به پارچه‌یه‌كی هه‌ره به‌پرستیژ و شوێندانه‌ری پازهڵی سیاسه‌تی کوردی که سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی زیاتر له حه‌وت و ده‌هه و نیو له ته‌مه‌نی، بۆ ئێستا و ئایندهی چاره‌نووسی کورد و خه‌بات بۆ ئازادی و دێموکڕاسی له ناوچه‌دا هه‌روا جێگای متمانه و حیساب له‌سه‌رکردنه.
ڕازی هه‌رمانی حیزبی دێموکرات و خۆڕاگریی ئه‌و حیزبه له مه‌یدانی ئه‌سته‌می خه‌باتدا پێش هه‌موو شتێک له‌وه‌دایه که ئه‌و حیزبه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی پته‌وی له‌نێو مێژووی کورد و کۆمه‌ڵگەی کوردستاندایه، زمانحاڵی هه‌ره زوڵاڵی پرسی ڕه‌وای گه‌لێکه که هه‌تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌بووه و لە هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا ژیرانه و دلێرانه بۆ وه‌دیهاتنی ئامانجه ڕه‌واکانی ئه‌و گه‌له به‌بێ وه‌ستان، به‌کرده‌وه و به مایهلهخۆدانانی یه‌کجار زۆر درێژه‌ی به خه‌بات داوه. حیزبی دێموکراتی کوردستان که له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر ژێرخانی مێژوویی و نه‌ریتیی کۆمه‌ڵگەی کوردستان هه‌ستابووه سه‌ر پێ، هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه تا ئه‌مڕۆ خاوه‌نی سهرلهوحێکی مۆدێرن بۆ کاری سیاسی و خه‌باتگێڕانه بووه. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام حیزبی دێموکرات ڕێکخراوێكی داخراوی ئیدئۆلۆژی یان حیزبی ته‌نها چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بووه و هه‌رگیز له فراوان ڕاگرتنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆی و له گرینگیی دانه‌بڕان له خه‌ڵكی کوردستان غافڵ نه‌بووه. ئه‌مه جیا له دروستکردنی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه بۆ خه‌باتی ئه‌و حیزبه که پشتیوانیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له کولتووری حیزبی و خه‌باتگێڕانه‌ی ئه‌و حیزبه‌شدا هه‌بووه، به چه‌شنێک که حیزبی دێموکرات به‌درێژایی خه‌باتی خۆی تێچووی ئینسانیی ئه‌و خه‌باته‌ی نه‌ک ته‌نیا له ڕیزی پێشمه‌رگه له‌خۆبوردووه‌کانی، به‌ڵكوو له‌نێو ڕێبه‌ری و سه‌رکرده‌کانیشی که پێشه‌وا و دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی دیارترینیان بوون، دابین کردووه.
خه‌باتی ڕزگاریخوازانه و تێکۆشان بۆ وه‌دیهاتنی ئامانجه نهتهوایهتییهکانی گه‌لی کورد له هه‌ر شکڵێکی مومکیندا که وه‌دیهێنه‌ری مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و گه‌له بێ ئه‌وله‌وییه‌تی کاری حیزبی دێموکرات بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌لیلی وجوودیی حیزبی دێموکراته. به‌ڵام له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه تا ئێستا ئه‌و حیزبه له باقیی پرس و ئاریشه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگەش غافڵ نه‌بووه و حیزبی دێموکرات هه‌میشه له ڕۆئیای سیاسی و خه‌باتگێڕی و ده‌وڵه‌تداریی خۆیدا به دیدێكی پێشکه‌وتنخوازانه و به‌رپرسیارانه‌وه چاوی له ئیده‌ئال و پرسه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌کانی تر وه‌ك مافه‌کانی مرۆڤ، مافی ژنان، عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه و ژێرخانی ستراتژیی کوردستان، زمان و فه‌رهه‌نگی کورد، و سه‌ره‌نجام دێموکڕاسی (هه‌م وه‌ک خیسلهتێكی ده‌روونی بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد و هه‌م وه‌ک به‌ستێن و ده‌سته‌به‌رێک بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد) بووه و کاری بۆ کردوون.
حیزبی دێموکرات به درێژایی خه‌باتی خۆی له تاودان بۆ ئامانجه‌کانی ئه‌و خه‌باته و له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ر و فاکته‌ره ده‌روونی و ده‌ره‌کییه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و خه‌باته به‌رده‌وام تێکۆشاوه سیاسه‌تێکی دروست و ئوسووڵی بباته پێش که بنه‌ماکه‌ی ئه‌خلاق، واقیعگه‌رایی و وه‌فاداری به ڕیساله‌تی نه‌ته‌وایه‌تی بووه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌و حیزبه له بڕینی ڕێگای خه‌باتدا هه‌میشه هه‌وڵی داوه هێندێك پره‌نسیپ له‌به‌رچاو بگرێ و پێیان وه‌فادار بمێنێته‌وه که چ به‌شێوه‌ی زاتی و چ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییدا به پێویستی زانیوه ڕه‌چاویان بکا. زۆر له‌و پره‌نسیپانه وه‌ك دووری له دۆگماتیزم و پاشکۆیه‌تی، سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی سیاسی، ڕه‌چاوکردنی ستاندارده شارستانی و مرۆییه‌کان، ئه‌وله‌ویه‌تی ڕێگاچاره‌ی ئاشتییانه‌ی پرسی کورد، ده‌ستێوه‌رنه‌دان و زیان نه‌گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، و … هتد ئه‌وه‌نده گرینگن که له مه‌ودای مێژوویی‌دا خیسڵهتێكی ناسنامه‌ییان بۆ حیزبی دێموکرات و خه‌باته‌که‌ی هه‌بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هێشتا ئه‌و ئامانجانه‌ی حیزبی دێموکراتیان بۆ دامه‌زراوه وه‌دی نه‌هاتوون، به‌ڵام ئه‌و ڕابردووه درێژ و پڕشنگداره و ئه‌و جێگه و پێگه دیار و تایبه‌تییه که حیزبی دێموکرات له مێژوو و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کورددا هه‌یه‌تی، بۆ ئه‌و حیزبه سه‌رچاوه‌ی زۆر شانازیی مه‌زن و خوڵقێنه‌ری زۆر ده‌سکه‌وتی دیار و گرینگ بووه. به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌و هێما و پره‌نسیپ و خیسلهتانه که حیزبی دێموکرات به پرسی کورد و خه‌باتی ئه‌و گه‌له‌ی به‌خشیوه، که‌مترین ده‌سکه‌وتی خه‌باتی ئه‌و حیزبه ئه‌وه بووه که هۆشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی تاکی کورد جارێک بۆ هه‌میشه له قالبێکی مۆدێرندا ڕێک بخا و به نه‌یارانی کورد بسه‌لمێنێ که هه‌ڕه‌شه و نهیارییهکان هه‌رچه‌ند و هه‌رچییه‌ک بن، خه‌باتی ئه‌و گه‌له تا گه‌یشتن به ئاواته‌کانی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی کراوه و واقعبینانه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناپایه‌داریی پارامێتره‌کانی بوار و ده‌رفه‌ت بۆ تێکۆشانی سیاسی و ئاسایی، ئه‌و حیزبه هه‌میشه خه‌باتێكی فره‌ڕه‌هه‌ندی بردۆته پێش و تێکۆشاوه به‌رده‌وام سروشت و مێکانیزمه‌کانی ئه‌و خه‌باته به‌ڕۆژ بکاته‌وه و خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی قۆناغه جیاوازه‌کان بگونجێنێ. به‌هۆی دێموکراتیک نه‌بوونی ڕێژیمه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌كانی ئێران و له سایه‌ی ئاماده‌یی ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکرات و خه‌ڵکی کوردستان بۆ فیداکاری و گیانبازی، خه‌بات و خۆڕاگریی پێشمه‌رگانه و چه‌کدارانه ڕه‌هه‌ندی هه‌ره دیار و پڕشنگداری خه‌باتی حیزبی دێموکرات بووه. به‌ڵام حیزبی دێموکرات ئه‌و کاته‌ی په‌نای بۆ مێتۆدی چه‌کداریش بردووه، وه‌ک ئامرازێک له‌پێناو چاره‌سه‌ری سیاسی به‌کاری هێناوه و هاوکات به گرینگییه‌وه ڕوانیویه‌ته هه‌موو به‌ستێن و شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات وه‌ک خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، دیپڵۆماسی، مێدیایی و … هتد، و به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ کردوون. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه، حیزبی دێموکرات خه‌باتی خۆی به دابڕاو له ڕه‌وت و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌زانیوه. ئه‌و حیزبه وێڕای باوه‌ڕی قووڵ به جه‌وهه‌ری ڕه‌سه‌نی مه‌سه‌له‌ی کورد و مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی و هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی ئامانج و تاکتیکه‌کانی خه‌بات، هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له به‌رامبه‌ر پرۆسه سیاسییه سه‌راسه‌رییه‌کان و هاوکاری و هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه ئێرانییه‌کانی له چوارچێوه‌یه‌کدا که له‌گه‌ڵ جه‌هانبینی و به‌رژوه‌ندیی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناته‌با نه‌بێ به‌پێویست زانیوه، به‌کرده‌وه کاری بۆ کردووه و باجی زۆر گه‌وره‌شی بۆ داوه.
هه‌روه‌ک چۆن حیزبی دێموکرات به ده‌سکه‌وت و شانازییه‌کانی مێژووی خۆی له‌خۆبایی نه‌بووه، له که‌موکوڕی و که‌مایه‌سییه‌کانی خۆی و خه‌باته‌که‌شی غافڵ نه‌بووه و حاشایان لێ ناکا. ئاشکرایه حیزبی دێموکرات به‌درێژایی خه‌باتی خۆی و بارته‌قای ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه سیاسی و مێژووییه قورسه‌ی له‌سه‌ر شانی بووه، له ژینگه و بهستێنکدا جوڵاوه‌ته‌وه که ده‌رگیری کێشه و ئاسته‌نگ و ئاله‌نگاریی وای کردووه که بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه نه‌توانێ هه‌میشه له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌کانی خه‌ڵک و زه‌رووره‌ته‌کانی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتدا بێ. ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌و ئاسته‌نگ و ئاله‌نگارییانه پێوه‌ندییان به فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حیزبی دێموکراته‌وه بووه و هۆکاری به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی مه‌یدانی خه‌بات و دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیی دێموکرات له چه‌قی ئه‌سڵیی ئه‌و خه‌باته بوون، به‌شێكی دیکه‌یان پێوه‌ندییان به دینامیزمی نێوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی کورد و که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له‌ڕووی مشوورخۆریی سه‌رده‌مییانه و یه‌کڕیزیی گه‌لی کورد و هاوهه‌نگاویی به‌کرده‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و گه‌له‌وه هه‌یه. به‌ڵام لێره‌شدا ئه‌وه‌ی جێگای هیوایه ئه‌وه‌یه که حیزبی دێموکرات هه‌رگیز له گوێگرتن له ڕه‌خنه و بۆچوونی جیاواز و به‌خۆداچوونه‌وه نه‌ترساوه. له‌وه‌ش گرینگتر، به‌سه‌رنجدان به چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان و ڕۆڵی میحوه‌ری و شوێندانه‌ری حیزبی دێموکرات له بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، حیزبی ئێمه له ساڵانی دواییدا بۆ یه‌کخستنی زیاتری نێوماڵی سیاسیی کوردی ڕۆژهه‌ڵات (به‌تایبه‌تی له چوارچێوه‌ی “ناوه‌ندیی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران”دا) و له‌وه‌ش وردتر و بڕیاردهرتر بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکرات هه‌نگاوی جیددیی ناوه که موژده‌به‌خشی قۆناغێکی باشتر و به‌رهه‌مدارتر له خه‌باتی هاوبه‌شی کورد له ڕۆژهه‌ڵاته. هه‌رله‌وکاته‌دا نایشارینه‌وه که کۆی ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌وه‌خت ئه‌و ئاکامه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه که چاوه‌ڕوان ده‌کرێ و خه‌باتی هێزه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات یه‌کگرتووانه‌تر و مه‌یدانیتر بێ، هێشتا پابه‌ندی و مایهلهخۆدانان و خۆپێوهماندووکردنی زیاتری هه‌موو لایه‌کی پێویسته.
ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستان پێ ده‌نێته چاره‌گه سه‌ده‌ی چواره‌می ته‌مه‌نی سیاسی و خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی که هاوکێشه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوچه به به‌راورد له‌گه‌ڵ کاتی دامه‌زرانی حیزب و قۆناغه‌کانی دواتری خه‌باتی ئه‌و حیزبه گۆڕانی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تییان به‌سه‌ردا هاتووه، پرسی کورد به ته‌واوی له دنیادا ناسراوه و تێکۆشه‌رانی ئه‌و گه‌له زیاتر له هه‌ر گه‌لێکی دیکه‌ی ئه‌م دنیایه نیشانیان داوه که پشتگوێ خستن و سه‌رکوت و تۆقاندن، گه‌لانی ژێرده‌سته له خه‌بات و فیداکاری له‌پێناو مافی ڕه‌وای خۆیاندا پاشگه‌ز ناکاته‌وه. که‌چی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی ئێران هه‌روه‌ک حکومه‌ته‌کانی پێش خۆی له‌و وڵاته‌دا هه‌روا به چاوچنۆکی و دژمنکارییهوه ده‌ڕوانێته مه‌وجوودیه‌ت و خواسته‌کانی گه‌لی کورد و هاواری هه‌قخوازانه‌ی گه‌لی ئێمه هه‌روا به حاشا لێکردن و هه‌ڵاواردن و هێرش و قه‌ڵاچۆ وه‌ڵام ده‌داته‌وه. سیاسه‌تێک که به قیمه‌تی زه‌ربه‌وه‌شاندن له بنیاتی سروشتی و ئینسانیی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌واو بووه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شی ڕووبارێک له خوێنی شه‌هیدانی پێویست بووه که تازه‌ترینیان شه‌هید مووسا باباخانی ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانه که له ڕۆژانی ڕابردوو له تاوانێکی تێرۆریستی‌دا به‌ده‌ستی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی له هه‌ولێر تێرۆر کرا.
له ئاستی گشتیی ئێرانیشدا ئه‌مڕۆ ده‌بینین که له‌گه‌ڵ مایه‌پووچ ده‌رچوون و نامه‌شرووعبوونی له هه‌موو کات زیاتری کۆماری ئیسلامی، بێزاریی خه‌ڵکی ئێران له سیاسه‌ت و ئیداره و سیناریۆ نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و ڕێژیمه به لوتکه‌ی خۆی گه‌یشتووه و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌لک هه‌ر جاره له گۆشه‌یه‌کی ئێران و له‌نێو چین و توێژێكی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ته‌قێته‌وه. پێبهپێی ئه‌وه‌ش هاوار و ویستی خه‌ڵک گۆڕانێکی نه‌وعی و ڕادیکاڵ، و زه‌رفیه‌تی خه‌باتیان سروشت و بنه‌مایه‌کی تازه و ههمهلاگیری به‌خۆیه‌وه گرتووه. به‌و حاڵه‌شه‌وه، ئێمه پێمانوایه که بۆ یه‌کلابوونه‌وه‌ی حیسابی خه‌ڵک و حکومه‌ت له ئێران هێشتا زۆر فاکته‌ری دیکه وه‌ک یه‌كگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی مه‌یدانی به‌دژی ڕێژیم، دروستبوونی ڕایه‌ڵه‌یه‌کی پته‌و بۆ ڕێكخستنی هێزی هه‌راوی خه‌ڵک، وه‌ده‌رکه‌وتنی درز و داماویی زیاتر له‌نێو خودی نیزامدا و شکڵ‌گرتنی یه‌کده‌نگیی کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی لانیکه‌م له ئاستی ئورووپا و ئه‌مریکا له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێژیمه‌دا پێویستن.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر گه‌لی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی ئێمه وێڕای گرینگیدانی له پێشوو زیاتریش به بازنه فراوانه‌کانی هاوپێوه‌ندی و هاوخه‌باتی، پته‌وکردنی نێوماڵی کورد له ڕۆژهه‌ڵات و ته‌یارکردنی ئه‌و گه‌له به ئامرازه ستراتژییه‌کانی ڕزگارکردن و پاراستنی نیشتمانی کوردستان له ده‌ست زوڵم و زۆر و هه‌ڕه‌شه کۆن و نوێیه‌کان به ئه‌وله‌وییه‌تی کاری خۆی ده‌زانێ. له‌و پێناوه‌شدا وێڕای ڕاکێشانی سه‌رنجی ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یی و ئێرانییه‌کان بۆ لای هه‌قانیه‌تی پرسی کورد و کارسازیی فاکته‌ری کورد له بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی باشتر له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا؛ وێڕای چاوه‌ڕوانی له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان بۆ ده‌رک کردنی پێویستییه خه‌باتگێڕییه‌کانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان؛ داوا له چین و توێژ و بژارده جۆراوجۆره‌كانی کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان و گۆشه جیاوازه‌کانی جوغرافیای فره‌چه‌شنی خه‌باتی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌که‌ین که یارمه‌تیی چاره‌نووسساز به یه‌کخستنی زه‌رفییه‌ته‌کانی خه‌بات و تێکۆشانی کورد به هه‌موو شكڵ و شێوه‌کانیه‌وه و له ده‌وری یه‌ک دووره‌دیمه‌نی ستراتژی و به‌پێی یه‌ک ئاجێندای خه‌باتگێڕی بکه‌ن. با به‌م جۆره هه‌م پیلانی نه‌یارانی کورد بۆ له‌رزۆک کردنی جێگه و پێگه‌ی ئێستا و ئایندهی کورد له ئێران و ناوچه‌دا پووچه‌ڵ بێته‌وه، هه‌م ئه‌و گه‌له له خه‌باتی لهمهودوایدا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه ڕه‌واکانی ته‌یارتر و به‌کارتر بێ.
ئێمه ئاگادار و وشیاری ئه‌و ڕاستییه‌ش هه‌ین که هه‌موو ئه‌و داوا و چاوه‌ڕوانییانه، خه‌ڵکی کوردستان و بژارده سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و دۆستانی دێموکرات پێش هه‌موو لایه‌نێک ڕووبه‌ڕووی خۆمانی ده‌که‌نه‌وه و له به‌رپرسایه‌تیی سه‌ر شانمان له‌و پێوه‌ندییه‌دا غافڵ نین. هه‌ربۆیه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی خه‌بات و بوونمانی نه‌ته‌وه‌ی کورددا که: سه‌ره‌ڕای ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌و گه‌له له سه‌رده‌می نوێ‌دا، به‌داخه‌وه جارێکی دیکه گه‌مارۆی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌کان بۆ سه‌ر گه‌له‌که‌مان له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان ته‌نگ بۆته‌وه و ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌کانی کورد زۆر ژیرانه و یه‌كگرتووانه نه‌جوڵێنه‌وه ڕه‌نگه بزوتنه‌وه‌ی کورد جارێکی دیکه تامی تاڵی ده‌ورانی داکشان و پاشه‌کشه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه بچێژێته‌وه؛ له‌م بارودۆخه‌دا که گڵۆڵه‌ی شهڕووڕترین ڕێژیمی جیهان و ده‌سه‌ڵاتی حاکم له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان واته کۆماری ئیسلامی که‌وتۆته لێژی؛ له‌م ڕۆژه به‌شکۆیه‌دا که یادی دامه‌زرانی پشوودرێژترین و بهپرهنسیپترین حیزبی کوردییه؛ له‌گه‌ڵ ڕووحی شه‌هیدان و له‌به‌رده‌م باره‌گای گه‌له‌كه‌مان بەڵێن دەدەین که هه‌موو هێز و هه‌وڵی خۆمان له جارانیش زیاتر بۆ دابینکردنی باشترین کاردروستایی درێژه‌دان و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخه‌ینه گه‌ڕ و به‌م چه‌شنه بڕگه و قۆناغه‌کانی له‌مه‌ودوای خه‌بات هه‌ڵگری مزگێنیی ده‌سکه‌وتی گه‌وره بۆ دۆستانی حیزبی دێموکرات و خه‌ڵکی ئه‌مه‌گناسی کوردستان به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بێ.
سڵاو له بیره‌وه‌ری و په‌یام و هێماکانی ٢٥ ی گه‌لاوێژ!
سه‌رکه‌وێ خه‌باتی کورد بۆ ڕزگاری و ئازادی!
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٣ی گه‌لاوێژی ١٤٠٠ی هه‌تاوی (١٤ی ئووتی ٢٠٢١ی زایینی)