گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاند کە چوار هەرێمی” هەرات، بادغەیس، هێلمەند و قەندەهار”ی داگیر کردووە.
هەواڵدەریی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لەزاری بەرپرسانی خۆجێیی لە ئەفغانستان رایگەیاند کە گرووپی تاڵیبان تائیستا ١١ هەرێم و ٣٤ شاری ئەفغانستانی داگیر کردووە و خستویەتە ژێر سەیتەرەی خۆیەوە و ” ئەسەدوڵا کاکر” ئەندامی شۆرای هەریمی زابول بە ڕۆژنامەی” هەشتی سوبح”ی ئەفغانستانی ڕاگەیاندووە کە شاری قەڵات بێ تێکهەڵچوون تەسلیمی گرووپی تاڵیبان کراوە.
هەرلەم پێوەندییەدا عومەر شێرزاد، فەرمانداری شاری ئەرزگانی ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە لە وڵامی داواکاری خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی گرووپی تاڵیبان نەبوەتەوە و ویستویەتی بەم کارە پێش لە خەسارە گیانی و ماڵییەکان بگرێ.
جێگای ئاماژەیە کە هێرشەکانی گرووپی تاڵیبان بە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بە تایبەتیی هێزەکانی ئەمریکا، زۆر بە خێرایی پەرەی سەندووە و لە ماوەیەکی کورتدا نیوەی زیاتری هەرێمەکانی ئەفغانستانیان داگیر کردووە و خستویانەتە ژێر سەیتەرەی خۆیانەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا و هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکانی گرووپی تاڵیبان وپاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەفغانستان، بە میلیۆنان کەس لە خەڵکی مەدەنیی ئەفغانستان ماڵەکانیان بەجێهێشتووە ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوون.