ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ یەکیەتیی ئورووپا بەئاماژە بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران و هەڕەشە بەردەوامەکانی بەدژی کەشتیڕانیی نێونەتەوەیی و هەروەها پیشینەی ڕەشی ئیبراهیم ڕەئیسی لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نیگەرانییەکانیان بۆ ئامادەبوونی نوێنەرێکی پایەبەرزی یەکیەتیی ئورووپا لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ڕەئیسی بەو یەکیەتییە ڕاگەیاند.
ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە نامەیەکدا بۆ جۆزێف بۆرێڵ، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای ئاماژە بە پیشینەی ڕەشی ڕەئیسی لەهەمبەر کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕەئیسییەوە و داسەپاندنی ناوبراو وەکوو سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن خامنەیی و سپای پاسدارانەوە ڕەخنەی توندیان لە یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر ناردنی نوێنەرێکی پایەبەرزی ئەو یەکیەتییە بۆ ڕێوڕەسمی ناساندنی ڕەئیسی دەربڕی و ڕایانگەیاند کە نیگەرانین لەوەیکە یەکیەتی ئورووپا نوێنەر بۆ ڕیوڕەسمی ناساندنی تێرۆریست و خوێنمژێک دەنێرێتە تاران.
ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی نامەکەیاندا نووسویانە کە بەشداری نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا لەو ڕێوڕەسمەدا ڕەواییدانە بەپێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن پیاکوژێکەوە و گوێنەدان بە پیشینەی ڕەشی” ئیبراهیم ڕەئیسی”ە وەکوو سەرۆککۆماری ئێران.