بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە دەڤەری هەولێر، بۆ بەڕیز مستەفا مەولوودی، یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز راگیرا.
پاشنیورۆی رۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە دەڤەری شاری هەولێرو لە سمینارێکی تایبەتدا بۆ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بەرز ڕاگیرا.
لە سەرەتای سمینارەکەدا کە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و تازەترین قوربانیی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دەستیپێکرد.
مستەفا مەولوودی باسی لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێکاف) و ڕۆڵی ئەم حیزبە لە بزووتنەوەی سیاسی – نەتەوەیی کوردستاندا کرد.
کاک مستەفا مەولوودی کە زۆرترین بەشی بابەتەکەی تایبەت بوو بە ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردودا، پەرژایە سەر ئەقڵییەتی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە سەر بنەمای ئاشتیخوازی و بیرکردنەوەی ئەم حیزبە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ڕێگەی وتوێژ و دیالۆگەوە، کە بەداخەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێرش و شەڕفرۆشی وڵامی داخوازییەکانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانی دایەوە.
لەم پێوەندییەدا بەرێز مەولوودی باسی لە سیاسەتی بەرەنگاریی حیزبی دێموکرات و بەربەرەکانێی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانیی بێئەملاوئەولای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشمەرگە کرد.
جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی وتەکانیدا بە ئاماژە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی تازە، بە سەرکۆماریی رەئیسی لە ئێران، وێڕای شیکردنەوەی دۆخی قەیراناویی ئێران و دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی، سەرنجی خستە سەر پیلانگێرییەکانی ڕێژیم لە کوردستان و هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ زەربەلێدان لە تێکۆشەرانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات.
بەڕێز مەولوودی لەم بارەوە بە ئاماژە بە پیلانەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە بە مەبەستی نانەوەی دوو بەرەکی لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکان، ڕۆڵی کەسایەتییە تێکۆشەر و دەروەستەکانی هەر دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئەم شارەی بۆ پۆچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم بەرز نرخاند.
هەر لەم بارەوە کاک مستەفا مەولوودی بە ئاماژە بە تێرۆری کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر، ڕایگەیاند کە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژە سەلماندوویانە کە بەم پیلانگەلە بە چۆکدا نایەن و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بە درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانمان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاوات و ئامانجە بەرزەکانیان، تۆڵەیان دەستێنینەوە.
لە بەشی دوایی قسەکانیدا ناوبراو باسی لە داهاتووی ئێران و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و خەڵکیی کرد و لەم بارەوە سەرنجی خستە سەر هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و قسەی له قورسایی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ڕۆڵی حیزبە کوردییەکانی لەم پێوەندییەدا کرد. بەڕێزیان یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و لەم نێوەشدا بە ئەنجامگەیاندنی پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکراتی بە زامنی دەستەبەرکردنی جێگە و پێگەی کورد لە داهاتووی ئێراندا زانی.
لە دوایین بەشی ئەم سمینارەدا بەڕێز مستەفا مەولوودی وڵامی پرسیار و تێبینیی هاوڕێیانی بەشدار لە باسەکانی دایەوە.