پاش هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا، داوای لە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا کردووە کە ڕێبەریی هاوپەیمانییەکەی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزمی جیهانیی ڕێژیمی ئێران وەئەستۆ بگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بریتانیایی” ئێکسپرێس” ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش ڕەخنەی توندی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییەکانی، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێویستە بە ڕێبەری “بۆریس جانسۆن” سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، هاوپەیمانییەک پێکهاتوو لە وڵاتانی بریتانیا، ئەمریکا، عەرەبستان، ئیمارات و ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هێرش بۆ سەر ڕێژیمێکی توندڕەو وەکوو ئێران پێکبێ.
بۆڵتۆن هەروها ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە ڕێبەریی خامنەیی هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و کردەوەی تێروریستی دەدا و ئەو ڕێژیمە زۆر مەترسیدارە بۆ هەموو جیهان بە تایبەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەربۆیە پێویستە ئەو هاوپەیمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پێکبهێنرێت.