پاش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕووبەووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران و هەوڵەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە گەمارۆگەلێکی بەدژی چەند کەس و کۆمپانیا کە پشتیوانیی ماڵیی لە سپای قودس و سپای پاسداران دەکەن سەپاند.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٢ی گلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گەمارۆی بە دژی کەسێک کە دەستی لە قاچاخی نەوتدا هەیە و هەروەها ئەو کۆمپانیاگەلەی کە پشتیوانیی ماڵی لە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران دەکەن سەپاندووە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە ئەو کەسە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران بە هاوبەشی و لە ڕێگای چەندین کۆمپانیاوە قاچاخی نەوتی ئێران دەکا و بە وڵاتانی دەورووبەری دەفرۆشێتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا “ئاندریا جاکی” بەرپرسی دەفتەری چاوەدێریی داراییەکانی دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە قازانجی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و لە ڕێگای دەڵاڵە بیانی و ئێرانییەکانەوە دەفرۆشرێ بۆ دابین کردنی چەکوچۆڵ وتەقەمەنی بۆ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەکە.