مانگرتنو ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانو کارمەندی هیندێ لە ئیدارە دەوڵەتییەکان بە دواکەوتنی مووچەو حەقدەستەکانیان لە شارەکانی سنە، ئیلامو دیواندەرە لە کوردستان درێژەی بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ڕۆژی دووشەممە، ٣ ی ڕەشەممە لە سنە کۆمەڵێک لە بێهیارو پەرستارەکانی بیمارستانی قودس سەبارەت بە پێنەدانی ٦ مانگ کارانەکانیان لە شوێنی کارەکانیان کۆبوونەوەو داوای مافەکانیان کرد.
لە شاری ئیلامیش کۆمەڵێک لە میوەفرۆشەکانی شار کە بە بڕیارەکانی رێکخراوی مەیدانەکانی میوەو تەڕەبار ناڕازین، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە فیشی جەریمە ناعادڵانەکانی ئەو رێکخراوەیە کۆبوونەوەو داوایان کرد کە جەریمەی سەریان هەڵگیرێ.
لە شاری دیواندەرەش کۆمەڵێک لە کرێکارەکانی ئیدارەی بڕق کە لەسەر کارەکانیان دەرکراون، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری کتوپڕی دەرکرانیان لە شەقامی خومەینی کۆبوونەوەو داوای گەڕانەوە بۆ سەر کارو ڕوونبوونەوەی چارەنووسیان لەبەرەبەری نەورۆزو ساڵی نوێدا کردوە.
لە شاری سنەش کۆمەڵێک لە کرێکارەکانی فەزای سەوزی شارەداریی ئەم شارە سەبارەت بە پێنەدانی نەورۆزانەکانیان کە دەبوا لەگەڵ مووچەی مانگی رێبەندان پێیان درابا، لە نێو بینای شارەداریی ناوەندیی کۆبوونەوەو داوای مافەکانیان کرد.