ڕابێرت ئستلاڤ دەڵێ: هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بەشێکە لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا لە درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەندا.
ڕابێرت ئستلاڤ، لە بابەتێکدا کە لە گۆڤاری ” فاریەن پاڵیسی” کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوبوەتەوە نووسیویە ئەگەر دەوڵەتی بایدێن دەیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، دەبێ کاردانەوی هەبێ لەهەمبەر هێرشی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل و ئەگەر ئەمریکا کاردانەوەی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران نەبێ دانیشتن و وتووێژەکانی داهاتووی ڤییەن تووشی کێشە دەبێ.
ناوبراو لە دڕێژەی بابەتەکەیدا دەڵێ: هێرشی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان بەشێکە لە سیاسەتی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەیهەوێت بەمجۆرە ئیمتیازگەلێک لە ئەمریکا وەربگرێ، بۆیە دەبێ ئەمریکا و وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا لە بەرچاو بگرن و وڵامێکی توندی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بدەنەوە.
ستلاڤ هەروەها لە کۆتایی بابەتەکەیدا نووسیویە کە تاران و میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران، بەهێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، دەیانهەوێت هەڵسەنگاندن بۆ کاردانەوەکانی ئەمریکا بکەن و ئەگەر ئەمریکا بێدەنگی هەڵبژێرێ بە دڵنیاییەوە ڕێژیمی ئێران چاو نەترسانەتر پەرە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا دەدا.