سەرەڕای پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا و هوشداری بەردەوامی پسپۆڕانی نەخۆشییە گوازاوەکان بۆ بەڕێوە نەچوونی ڕێوڕسمە بە کۆمەڵەکان، خامنەیی جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە کردەوە و وتی: وڵات پێویستی بەمجۆرە ڕێوڕەسمە پڕ لە خێر و خۆشییانە هەیە.
عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمین دەبێتە هۆی خێر و بەرەکەت و ڕەحمەتی خودا بۆ خەڵکی ئێران و دەبێ ڕێوڕەسمی مانگی موحەڕەم بەڕێوە بچێ.
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە هەموو جیهان لەسەر ئەوە هاوڕان کە کۆبوونەوەی زیاتر لە چەند کەس لە شوێنێکی داخراودا دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی خێرای پەتای کۆرۆنا و هۆکاری سەرەکییە بۆ گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا و بە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی کە وتبووی هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا و بریتانیا حەرامە وتی: دەبێ بەرپرسانی تەندروستی وڵات ئاسانکاریی بۆ هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتانی دەرەوە بکەن.