بەرپرسی سیای ئەمریکا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران سەردانی ئیسرائیلی کرد.
بەرپرسی سازمانی هەواڵگری ئەمریکا “سیا”، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ سەردانی ئیسرائیلی کرد و ئامانج لەم سەردانە، وتووێژە سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و ئاڵ وگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەم دوایانەی ئێران لەمەڕ ئیسرائیل و ئامریکا و ناوچەکە و هەروەها ئەو کێشانەی کە ئێران بۆ وتووێژە ناوکییەکانی هێناوەتە پێشەوە.
هەواڵنێری والانیوز ڕایگەیاندووە کە “بڕێنز” لەم سەفەرەدا چاوی بە بەرپرسی مووساد و هەروەها سەرۆکوەزیری نوێی ئیسرائیل دەکەوێ و سەردانی مەحموود عەباس سەرۆکی فەتح و بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگری فەلەستینیش دەکات.
سەفەری ویلیام بڕێنز بۆ ئیسرائیل لە کاتێکدا ڕوودەدا کە لێکۆڵەران باس لە “شەڕی ناڕاستەوخۆ” لەنیوان ئێران و ئیسرائیل دەکەن کە دوای هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی تەشەنەی کردووە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا و وەزیرانی دەرەوەی گروپی ٧، ئەمریکا، بریتانیا، ئیسرائیل و ڕۆمانی ئیدانەی ئەم هەوڵە تێرۆریستیانەی ئێرانیان داوەتەوە و بە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیهانی دادەنێن.
جێی ئاماژەیە کە لە هێرشێک کە ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش بۆ سەر کەشتی “مێر سێر ئێستریت”ڕوویدابوو، دوو شارۆمەندی بریتانیایی و ڕۆمانیایی کوژران.