به‌حره‌ین ڕێوشوێنی نوێی ئه‌منیه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرا و مه‌ترسیی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێته به‌ر.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه، شێخ ڕه‌شید ئێبنی عه‌بدوڵڵا ئالی خه‌ڵیفه، وه‌زیری نێوخۆی به‌حره‌ین گوتی: له چوارچێوه‌ی ڕێوشوێنی ئه‌منیه‌تی، چاودێریی زیاتر له‌سه‌ر مه‌عامه‌له‌ی دراوی و سه‌فه‌ری بیانییه‌کان داده‌نرێ.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، كومیته‌یه‌ك له‌ژێر سه‌رپه‌رستیی وه‌زاره‌تی نێوخۆی ئه‌م وڵاته پێك هاتووه‌و ئه‌ركدار كراوه سه‌فه‌ری هاووڵاتییانی به‌حره‌ینی بۆ وڵاتانی نائه‌من كۆنتڕۆڵ‌و سنووردار بکا.
به‌حره‌ین له ساڵی ٢٠١١ه‌وه تووشی قه‌یرانی نێوخۆیی هاتوه و شیعه‌كانی ئه‌م وڵاته تا ڕاده‌یه‌ك نائارامییان دروست کردوه. حكومه‌تی سوننیی مه‌نامه، دراوسێی باكووریی خۆی، واته ئێرانی شیعه به پشتیوانی كردن له شیعه‌كانی ئه‌م وڵاته تاوانبار ده‌کا.
به‌حره‌ین ٤ مانگ له‌وه‌پێشیش ڕایگه‌یاند كه باندێكی تیرۆریستیی ٧٦ که‌سیی پێوه‌ندیدار به ئێرانیان ده‌سبه‌سه‌ر كرد.
به‌حره‌ین هه‌روه‌ها له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ جارێكی دیكه بزووتنه‌وه‌ی شیعه‌ی حیزبوڵڵای لوبنان‌و هاوپه‌یمانه نزیكه‌كه‌ی ئێران به گرووپی تیرۆریست زانی. ئه‌م وڵاته له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی پێشوو پێشوازیی له هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بستان له هه‌مبه‌ر ئێران‌دا كرد.
پێویست به ئاماژه‌یه كه به‌حره‌ین، پاش عه‌ره‌بستان دووهه‌م وڵات بوو كه پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران پچڕاند. به‌حره‌ین هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندبوو كه هه‌موو سه‌فه‌ره ئاسمانییه‌كان بۆ ئێرانی ڕاگرتووه‌و هه‌روه‌ها پێشی به هاتنه‌ژوورێی پاپۆڕه‌كانی ئێران بۆ ئاوه‌كانی ئه‌م وڵاته گرتوه.