پاش داوای غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران لەهەمبەر گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ بەدواداچوونی پەروندە قەزاییەکانیان، ئەمریکا هوشداری بە هاووڵاتییانی ئێرانی دانیشتووی ئەمریکادا.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ، بەهوشداردان بە هاووڵاتییانی ئێرانی دانیشتووی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی وتی: پاش گەڕانەوە بۆ ئێران تووشی ڕفاندن و دسبەسەرکران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەبنەوە و دەبێ لە سەفەرکردن و گەڕانەوە بۆ ئێران خۆتان ببوێرن.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە هاووڵاتییانی ئەمریکایی لە نێوان سەردانەکانیان بۆ ئێران، ڕفێندراون و دەسبەسەر کراون و ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێکی مەترسیدار بوونەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هاووڵاتییانی ئەمریکایی و ئێرانیی دانیشتووی ئەمریکا بەتایبەتی خوێندکارانی زانکۆ، ڕۆژنامەنووسان،بازرگانان و مامۆستایانی زانکۆکان بەتۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەسبەسەر دەکا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت سەردانی ئێران بکەن و دانیشتووی ئەمریکان لە پێشدا وەسییەتنامەی خۆیان بنووسن، لەبەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران جێگەی متمانە نییە.