بەرپرسی پێشووی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە کۆتایی دەورانی بەرپرسایەتییەکەی هوشداری بە دەوڵەتیی ئیسرائیل دەدا و دەڵێ: ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و دەبێ گرینگترین پرسی ئەمنییەتی ئیسرائیل بێ.
بەپێی ڕاپۆرتی جێرۆزاڵم پۆست، مەئیربێن شوبات، بەرپرسی پێشووی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی دەسلە کار کێشانەوەکەی لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، وێڕای ئامادەبوون لە مەجلیسی ئیسرائیل وتی: پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی دەبێ گرینگترین پرسی ئاسایشی ئێمە بێ و بەهیچ جۆرێک ئیزن نەدەین ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ.
ناوبراو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لە کێشە و دووبەرەکییەکانی نێو دەسەڵاتی ئیسرائیل لەهەمبەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران وتی: دەبێ لە ئێستادا هەموومان کێشەکانمان وەلا بنێین و بیر لە کۆتایی هێنان و پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران بکەینەوە.