بێنی گانتس دەڵێ: لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران پەرە بە بەرنامە ناوکییەکان و مووشەکییەکانی دەدا ئێمە ناتوانین تەنیا چاو لێبکەین.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران گەورەترین مەترسییە بەدژی ناوچەکە و هەموو جیهان وتی: دەبێ هەموو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سنوورێک بۆ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان دیاری بکا و تەنیا ئیسرائیلە کە دەتوانێ مۆعادلە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی جیهان بگوڕێ و ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران بێتەوە.
ئەم قسانەی بێنی گانتس پاش ئەوە هاتوەتە ئاراوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا رایانگەیاند کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە کردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هێز و توانای سەربازیی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران زۆر ئاستی لە سەرترە ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران تۆمەتبارە بە پشتیوانیکردن لەگرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لەو ناوچەیەدایە.