ڕێکخراوی مافی مرۆڤی یەمەن لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێرناوی” منداڵانی بێ چەک” لەهەمبەر بە زۆر چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی “یەمەن”ەوە ڕایگەیاند کە لە ٦مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٤٠ منداڵ لە بەرەکانی شەڕدا کوژراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ وگەشەپێدانی یەمەن”میۆن” ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی” منداڵانی بێ چەک” بەڕاگەیاندنی کوژرانی ٦٤٠ منداڵی یەمەنی، کە لەلایەن میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانەوە بە زۆری چەکدار کرابوون و نێردرابوونە بەرەکانی شەڕەوە و تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ ساڵە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کوژراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو منداڵانە کە کوژراون، لەلایەن میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن بەزۆری ڕاهێنانی شەڕیان پێکراوە و لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان لە دەستداوە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییەی یەمەن، بە پشتبەستن بە بەڵگە وزانیاریی نەخۆشخانەکانی شاری سەنعا و هەروەها پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان، ئاماری منداڵانی بریندار بەهۆی شەڕەکانەوە ٣٤٠کەس ڕاگەیاندووە.