پاش دووبارکردنەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیری بەدژی کەشتیڕانی و بازرگانیی نێونەتەوەیی بەتایبەتیی لە دەریای عەمماندا، شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی بۆ تاوتوێ کردنی ئاسایشی کەشتیڕانی کۆبوونەوەیەکی پێکهێنا.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنی ئۆنلاینی شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی وتی: ئێمە هیچ گومانێکمان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی ئێران هێرشی کردۆتە سەر کەشتی نەوتهەڵگری” مێرسێر ئێستریت.
بلینکێن لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل هیچ پاساوێک هەڵناگرێ وتی: ئەو وڵاتانەی کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
هەرلەم پێوەندییەدا”ولادیمیر پووتین” سەرۆککۆماری ڕووسیە، جەختی لەسەر یەکیەتیی نێونەتەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم کردەوە و وتی: ئەو وڵاتانەی کە ئاسایشی کەشتیڕانی ڕووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە دەبێ سزا بدرێن.
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هێند، کە سەرۆکایەتی دەورەیی شۆرای ئاسایشی لە ئەستۆدایە وتی: تێرۆریزم و شەڕەکانی نێوان وڵاتان خەریکە خەسارێکی قورس بە بازرگانیی دەریایی دەگەینێ و دەبێ بە خێراترین کات چارەسەر بکرێ.