ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی زنجیرە کۆڕو کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی خۆیدا کۆبوونەوەیەکی بۆ خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی شێعرەکانی فەوزیە سوڵتانبەگی پێکهێنا.
ئەو کۆڕە ئەدەبییە رۆژی شەممە، ١ی رەشەمەو بە قسەکانی ڕوبار بداغی لەسەر چالاکییەکانی ئەنجومەنو بەرنامەی کاری داهاتووی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان دەستی پێکرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا فەوزیه سوڵتانبەگی، چەند شێعرێکی خۆی بۆ بەشداران خوێندەوەو وەڵامی سەرنجو پرسیاری بەشدارانی کۆڕەکەی داوە.
ئەم شاعیرە لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە ئامادەبوواندا لەبارەی ئاوێتەبوونی ژیانی هونەریو ژیانی ئاسایی گوتی هەوڵم داوە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم دوو بەشەدا ساز بکەم و ئەگەرچی کاریگەری راستەخۆ و ناراستەخۆیان لەسەر یەک داناوە بەڵام به گشتی نەمهێشتووه بۆ یەکتری ببنه مڵۆزم.
لە درێژەی کۆڕەکەدا چەن کەس لە ئامادەبووان باسی “عونسوری ژنانه”یان لە شێعرەکانی سوڵتانبەگیدا وبە خاڵی بەهێزی شێعرەکانی ناوبردو پێیان لە سەر ئەوە داگرت کە ئەم بابەتە لە دوای ئەزموونی یەکەمی شاعیر(کتێبی ئێوارە عاشقەکانی تەمەن) بەملاوە بە شێوەیەکی پوختو پاراوتر لە کارەکانیدا روو دەنوێنێ.