ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی پیرۆزی شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەدەستی ڕەشی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆرکرا لە گۆڕستانی شەهیدانی دێموکرات بەڕێوەچوو.
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٣٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی پیرۆزی شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە شەوی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری هەولێر و بە پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو بە دەستی چەپەڵی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی لە شاری هەولێر تێرۆر کرا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و دڵسۆزان و دۆستانی حیزب لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا، بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە پێشەکییەک کە پێکهاتبوو لە سروودی ئەی ڕەقیب و ئەی شەهیدان و چەند ساتێک بێدەنگیی بۆڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بە تایبەت شەهیدی تازەی گەلەکەمان شەهید مووسا باباخانی دەستیپێکرد.
پاشان کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوای کڕنۆش بۆ وێنەی شەهید مووسا چەند وتەیەکی بۆ ئامادەبوان پێشکەش کرد.
لە بەشێک لە قسەکانی کاک خالید عەزیزیدا وێڕای شیکردنەوە و بەرز نرخاندنی ڕۆڵی شەهید مووسا باباخانی لە پەرەپێدان بە بیری کوردایەتی و نەتەوایەتیی لە کرماشان و کارە دیار و بەرچاوەکانی ئەو شەهیدە لە ماوەی تێکۆشان و خەباتی حیزبییدا وتی: شەهید مووساباباخانی ئەو کەسە بوو کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا توانی بەو ئاستە لە پەروەردە و تێگەیشتنی سیاسیی و پێشمەرگانە بگا کە شوێندانەرێکی بە توانا و چالاک لە کرماشاندا بێ و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەیکە دوژمن پیلانی خۆی لە ڕێگای چەند بەکرێگیراوێکەوە جێبەجێ بکا و تاوانی قیزەونی تێرۆر جارێکی دیکە لە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە خۆی بنوێنێ.
بەڵام کۆماری ئیسلامیی بیری لەوە نەکردۆتەوە کە کرماشان نەک هەر بە چۆکدا نایە بەڵکوو ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات و هاوڕێیان و هاوسەگەرانی کاک مووسا لە کرماشان و تەواوی کوردستان بەردەوام زیاد دەکا و لە یاد و تۆڵەی مووسایەک هەزاران مووسا دەڕوێ.
سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پیلانی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان کورد و ئازەریدا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و ڕایگەیاند کە شاری نەغەدە و هەموو ئەو شارانەی کە نەتەوەکانی جیاجیای تێدا دەژین، بە هەوڵ و تێکۆشانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنی و دڵسۆزانی نەتەوەکان و هەروەها خەڵکی ژیر و زانا و وریا ، ناکەونە داوی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و هەموو نەتەوە و مەزهەب و ئایین و ئایینزاکانی ئێران پێکەوە دەتوانن بە یەکگرتوویی و برایەتی بە گژ کۆماری ئیسلامییدا بچنەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی ژیاننامەی شەهید مووسا و دانانی تاجەگوڵینە و ڕێز بۆ شەهید مووسا باباخانی لە لایەن هەموو لایەنە سیاسیی و کەسایەتییەکانی دۆستی حیزبەوە لە سەر گۆڕی شەهیدی سورخەڵاتی گەل و نیشتمان و ناشتنی تەرمی پیرۆزی کاک مووسا لە باوەشی خاکی پاکی کورستاندا کۆتایی هات.