ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د كه‌ماڵ، به‌ندكراوی سیاسیی كوردی خه‌ڵكی ڕۆژاوای كوردستان به هۆی پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشكی له زیندانی ڕه‌جایی شاری كه‌ره‌ج مانی له خواردن گرت. به قسه‌ی هاوبه‌نده‌كانی پاش نه‌شته‌رگه‌ریی نیوه‌چڵی ناوبراو و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ نێو زیندان، قامكه‌كانی ده‌ستی ڕاستی ئه‌م به‌ندكراوه له جووڵه كه‌وتوون.
ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د كه‌ماڵ، ساڵی ١٣٨٧ له كاتی ده‌سبه‌سه‌ركرانیدا چه‌ند گولله‌ی به‌ر زگ و شانی چه‌پ و ڕانی كه‌وتبوو. ئه‌م فیشه‌کانه پاش ٧ ساڵ تازه له له‌شیان ده‌رێناوه‌و چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ماسولكه‌كانی ده‌ستی لاواز بێ‌و برینه‌كانی چڵكی زۆریان كردوه.
ئه‌م به‌ندكراوه كورده‌ی خه‌ڵكی كۆبانێ له دوایین جاری ناردنی بۆ نه‌خۆشخانه له ڕۆژی 9ی به‌فرانباری ئه‌مساڵ له به لێدان و كوتان و به بێهۆشی له ماشێنیان هاویشتبوو و پاش چه‌ند ڕۆژ بێ ئه‌وه‌ی كه چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ كرابێ بۆ به‌ندیخانه‌یان گه‌ڕاندبۆوه.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش سه‌ره‌تای مانگی ڕێبه‌ندان له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه پێویستیی به نه‌شته‌رگه‌ریی خێرا هه‌یه‌و داوای كردبوو به خێرایی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان بنێردرێ.
ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د كه‌ماڵ پێشتریش چه‌ندین جار به هۆی پێڕانه‌گه‌یشتن به نه‌خۆشی و برینه‌كانی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕیبوو و مانی له خواردن گرتبوو.