شەهید مووسا باباخانی کوڕی مێهدیخان و دایە فیروزە ساڵی١٣٦٠ی هەتاوی لە گوندی کوڵانی ناوچەی ئاژوانی سەر بە شاری کرماشان لەدایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە کرماشان تەواو کرد و ساڵی ١٣٧٨ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا هاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە.
دوای تەواوبوونی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە هێزی پارێزگاری سازمان درا و و دواتر لە ئۆرگانەکانی پارێزگاری، چاپەمەنی، تەشکیلات، ئاموزش، تیشک تیڤی و کوردکاناڵدا ئەرکی پێشمەرگانەی گرتە ئەستۆ. شەهید مووسا وێڕای خەباتی پێشمەرگانە، هۆگری هونەری فۆتۆگرافی بووە و ئەو تایبەتمەندییە لە کارە مێدیاییەکانیدا بەڕوونی دیار بوو.
شەهید مووسا باباخانی ماوەی ٥ ساڵ لە هێزی پارێزگاری، ٣ ساڵ لە چاپەمەنی، ٢ ساڵ لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات، ساڵێک لە کۆمیسیۆنی پەرەردە، ٦ ساڵ لە تیشک تی ڤی و بۆ ماوەی ٦ ساڵیش لە کوردکاناڵ ئەرکی پێشمەرگانەی ڕاپەڕاندووە و لەگەڵ هەر ئەرکێکی جیاوازی حیزبی هاوکات هاوکاریی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی کردووە.
شەهید مووسا لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا چەند جار لە بەر لێهاتوویی و باش بەرێوەبردنی ئەرکەکانیدا تەشویق کراوە و ڕێزنامەی دراوەتێ.
شەهید مووسا ساڵی ١٣٨٣بەشداریی لە دەورەی سەرەتایی سیاسی و ساڵی ١٣٨٩ دەورەی نێوەنجی سیاسی و دواتر دەورەی کادری دەرەجە ٣ی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و لە چەند دەورەی نیزامی و هەروەها ڕاگەیاندندا بەشداریی کردووە.
هاوڕێ شەهید مووسا باباخانی، لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بووەتە ئەندامی ڕێبەری و لە یەکەمین پلینۆمی دوای کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بە ئەندامی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.
شەهید مووسا لە ماوەی ژیانی پێشمەرگانەیدا لە چەندین مەئمورییەت و جەولەی پێشمەرگانە بۆ نێوخۆی وڵات ئامادە بووە و لەکاتی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ بە سەختی بریندار بوو کە تا شەهید بوونیشی ئاسەواری بە سەر جەستەیەوە دیار بوو.
شەهید مووسا لە ماوەی کاری لە بەشی راگەیاندندا ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بوو و دوایین بەرنامەشی “بانتر لە هەواڵ” و بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاری ناتەواو لەسەر ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ئەو لەپێناو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و، کۆکردنەوەی خەڵک و ڕێکخستنیان لە دەوری ئامانجەکانی حیزب بەتایبەت لە ناوچەی کرماشان، ماندوویینەناسانە کاری دەکرد و هەر ئەو چالاکییە بەرچاو و هەڵسووڕانە دیار و شوێندانەرەی مووسا باباخانی بوو کە ئەوی بۆ دەزگای ئەمنیەتی و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبووە ئامانج و دواجار توانییان لە پیلانێکدا، خۆی لێ نیزیک بکەنەوە و زەفەری پێ ببەن.
بەداخەوە هاوڕێی تێکۆشەر مووسا باباخانی، شەوی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە هۆتێل “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر لەلایەن چەند تێرۆریستێکی نێردراوی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی تێرۆر کرا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.
یاد و ڕێبازی هەمیشە زیندوو.