ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بەوەیکە “ئیبراهیم ڕەئیسی” پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤە و کەسێکی پیاوکوژە، ڕەخنەی توندی لە یەکیەتیی ئورووپا گرتووە لەهەمبەر ئامادەبوونی نوێنەری ئەو یەکیەتییە لە تاران.
ناوندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە سەرۆکایەتی” شیرین عیبادی” ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئامادەبوونی نوێنەری یەکیەتیی ئورووپای لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێرانی بە “دژایەتیی ڕوونی ئامانجەکانی مافی مرۆڤ” ناوبرد و ڕایگەیاند کە نابێ نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا لە ڕێوڕەسمی ناساندنی، پیاکوژ و کەسێک کە دەستی لە ئیعدامی هەزاران بەندکراوی سیاسییدا هەبوو و لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر بەشداربێ.
ئەم ناوەندە مافی مرۆییە بەئاماژە بەوەیکە ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ساختە و پلان بۆ داڕێژراو بووەتە سەرۆککۆمار لە بەیاننامەکەیدا نووسیویە کە ئامادەبوونی “ئینریکە مۆرا” لەو ڕێوڕەسمەدا سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو یەکیەتییە نێونەتەوەییە لەهەمبەر کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران، بەتایبەتی چالاکانی مافی مرۆڤ هیچ هەڵوێستێکی نییە و پێشیلکردن مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ ئەو یەکیەتییە گرینگییەکی تایبەتی نییە.