چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە دەڵێ: پاش هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە ڕێژیمی ئێران و ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەموو میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە لە حاڵەتی ئامادە باشیدان.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، چەک و تەقەمەنی و مووشەکەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەی “دێرەزوور” و ئەم گواستنەوەی چەکوچۆڵە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە لە کاتێکدا دەکرێ کە ڕاگەیاندنەکان و سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە بە ئەگەری زۆر ئیسرائیل یان هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی هێرش دەکاتە سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بۆیە هەموو میلیشیاکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
جێگای ئاماژەیە کە زۆرترین بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ئەلمەزارع هەڵکەوتوو لە شاری “ئەلمەیادین”ی سووریەیە.
سەرچاوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەنییەدا ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کارناسان و پسپۆڕانی سەربازیی ئێرانی بۆ دامەزراندنی سیستمی شوێنهەڵگریی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل و هێزی هاوپەیمان چوونەتە ناوچەی ئەلمەزارع.