نەفتالی بێنێت، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ بەهۆی کردەوە تێکدەرانەکانیەوە باجێکی قورس بدا.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی کابینەی دەوڵەتەکەیدا سەرەڕای پێشوازی لە بڕیاری فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا لەهەمبەر دەور و نەخشی ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل و مەحکوومکردنی ئەو ڕێژیمە وتی: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران کەسێکی بکوژ و پێشێلکاری مافی مرۆڤی بەناوی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران ناساندوە کەناوبراو ناسراوە بە قەسابی تاران.
بێنێت لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ڕێگای” زەوی ، ئاسمان و دەریا”وە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە پێداوە و بەردەوامن لە کردەوە ترۆریستییەکانیان.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و نابێ کۆمەڵگەی جیهانیی لەهەمبەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێراندا بێ دەنگیی هەڵبژێرن، بەڵکوو دەبێ بە هەموو هێز و توانایانەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە ببنەوە و بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران دەبێ باجێکی قورسی کارەکانیان بدەن.