بەرپرسێکی باڵای یەکیەتیی ئورووپا بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندوە کە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەربڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە کە ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە هاتووە کە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە سەر داواکاریی ڕێژیمی ئێران و تا کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی نوێ لە ئێراندا هەڵپەسێردرابوو، بەڵام پاش هاتنەسەر کاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران، ئەو ڕێژیمە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان دەربڕیوە و “یەکیەتیی ئورووپا”ش دەڵێ: بە ئەگەری زۆر لە مانگی داهاتوودا وتووێژەکان دەسپێدەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای ڕەخنەی توندی چالاکانی سیاسیی و ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ، ئێنریکە مۆرا، نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار لە تاران ئامادە بووە.