هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕایگەیاندووە کە درێژە بە پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵەری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە ڕادەستی کۆنگرێس کراوە، هاوپەیمانان درێژە بە پێدانی چەک و کەرەستەی پێویستی سەربازی و پێداویستییەکانی دیکە بە هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک کە کوردەکان سەرکردایەتیی دەکەن،دەدەن.
لێکۆڵەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هاوپەیمانان کەرەستە سەرەکییەکانی هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا لەوان چەک، تەقەمەنی، کەرەستەی پزیشکی و پێداویستیی دیکەی شەڕ دابین دەکەن.
لەم ڕاپۆرتەدا کە ئاماژە بە مانگی ئاوریل تا جووڵای ٢٠٢١ دەکات، هاتووە کە هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنانی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوا کە بریتین لە ڕاهێنانی پزیشکی لە بەرەکانی شەڕ، ڕاهێنانە باوەکانی سەربازی، ڕاهێنانی کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاهێنانی بەرەنگار بوونەوەی یاخیبووان لەو زیندانانەی کە بەندکراونی داعشی لێیە.
پێنتاگۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستاش داعش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک و هۆشداریی داوە کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە ئێستاش بەدوای ڕووخاندن و تەقاندنەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی ڕۆژاوای کوردستانە.