قادر محەممەدزادە، بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانەکەیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، ٨ ڕۆژە کە مانی لەخواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزاده، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە کاتی تێپەڕاندنی شازدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی خۆیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، لە حەوتووی پێشووەوە لەو بەندیخانەیە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
قادر محەمەدزاده بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بێبەش کرانی لە مافی مەرەخەسی و دەسبەسەردا گرتنی بارمتەکەی، لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە مانی لە خواردن گرت .
بەرپرسانی بەندیخانە بەناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بارمتەی یەک میلیارد تمەنی دابین بکات دەتوانێ لە مافی مەرەخەسی کەڵک وەربگرێت. بەڵام دوو مانگە بنەماڵەکەی ئەو بڕە پارەیان دابین کردووە و نەتەنیا مافی مەرەخەسی پێنەدراوە بەڵکوو بڕەپارەکەش بە فەرمانی داواکاری گشتی شاری مەهاباد دەستی بەسەردا گیراوە.