دادگای ئینقلابی شاری تاران سزای ٣٨ساڵ بەندکرانی بەسەر ٥ چالاکی مەدەنیی خەڵکی “ئیلام”دا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئیمان ئەفشاری”، پێنج چالاکی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی “سومەیە کارگەر، ناهید تەقوایی، بەهارە سلێمانی، نازەنین محەممەدنژاد و مێهران ڕەئووف” سەرجەم بە ٣٨ ساڵ زیندانیی مەحکووم کرد.
ئەو ٥ کەسە بە تۆمەتی “بەشداری لە ئیدارەکردنی گرووپی نایاسایی و چالاکیی پڕۆپاگەندە دژی نیزام” تاوانبار و ناهید تەقوایی و مێهران ڕەئووف، بە ١٠ ساڵ و ٨ مانگ ، سومەیە کارگەر و بەهارە سلێمانی بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ و نازنین محەممەدنژاد بە ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران مەحکووم کراون.
سومەیە کارگەر، خەڵکی شاری ئیلام و دەرچووی بەشی فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەرساڵی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢ی گرتنگەی ئیڤین ڕاگوێزرابوو و پاش ٤ مانگ لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی قەرەچەکی وەرامین گوازرابوووە.
ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕ، پاش نزیک بە ٦ مانگ لە بەندی ٢ی زیندانی ئێڤین و زیندانی قەرەچەک بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.