پاش ئەوەیکە میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە ١٥ مووشەکمان ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە، بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەرەرای هەڕەشەکردن لەو گرووپە وتی: نابێ حیزبوڵا ودەوڵەتی لوبنان ئیسرائیل تاقی بکەنەوە.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل وتی: بارودۆخی ئێستای لوبنان زۆر ئاڵۆزە و ئێمە دەتوانین لەوە ئاڵۆزتری بکەین، هەربۆیە گرووپی حیزبوڵای لوبنانی سەر بە رێژیمی ئێران وئەرتەشی لوبنان دەبێ ئاگایان لە خۆیان بێ و واز لە تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بێنن.
ناوبراو سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیسرائیل هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی لە لوبناندا نییە وتی: حیزبوڵا دەبێ زۆر وریای خۆی بێ کە بەدژی ئیسرائیل هیچ هەوڵێک نەدا، جیاواز لەوە بۆ خوی دەزانێ کە ئیسرائیل بە توندترین شێوە وڵامی ئەو گرووپە دەداتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئیزن نادەین ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەمان لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە بچێتە ژێر هەڕەشە و هەر جۆرە هەوڵێک بەدژی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئیسرائیل و هاووڵاتییانمان بەبێ دوو دڵی وڵامی توند و خێرای دەدرێتەوە.