وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریی لە وڵاتەکەی لە بەرانبەر ئێراندا دەکا.
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی جیهانی نیگەرانە لە کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا پشتیوانیی لە وڵاتی ئیسرائیل بۆ بەرگریی لە وڵاتەکەی دەکا.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی کۆشکی سپی، پاش قسەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل” بێنی گانتس” هاتوەتە ئاراوە کە وتبووی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هێرش کردنە سەر ڕێژیمی ئێران.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی” وای نێت” وتبووی، ئێران لە هەوڵدایە هاوکات لە چەندین بەرەوە هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل و بۆیە خەریکە هێزەکانی لە لوبنان و غەززە بەهێزتر دەکا و لە هەوڵی سازکردنی میلیشیای زیاترە لە سووریە وعێراق و میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن.
لەلایەکی دیکەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە لێدوانەکان و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕایگەیاند کە هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وڵامدانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.