لە کاردانەوە بە ڕێوڕەسمی ناساندنی ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیم، باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، دەبێتە هۆکار بۆ تەشەنەسەندنی توندوتیژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
گێلعاد ئەردان، باڵوێزی ئیسرائیل لە واشینگتۆن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرپرسە لە کوشتنی ٣٠هەزار کەس لە بەندکراوانی سیاسی لە ئێران وتی: ناوبراو تۆمەتبارە بە جینایەتگەلێک وەکوو دەستدرێژی، کوشتنی بەئەنقەست، ئێعدامی بەندکراوانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و خستنەخوارەوەی کەسانی دژبەری ڕێژیم لە بەرزاییەکانەوە، هەر بۆیە کەسێکی وەکوو ناوبراو لە پۆستی سەرۆککۆماریی ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێراندا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.
جێی ئاماژەیە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتێکدا یەکەمین دەورەی سەرۆککۆمارییەکەی لە ئێراندا دەسپێدەکا کە هەڵمەت و کۆدەنگییەکی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە لەهەمبەر جینایەتەکانی ناوبراو و دەور و نەخشی ڕەئیسی، لە ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی کە بەهەزاران کەس لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون بەردەوامە.