وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی زلهێزی پیشەیی ناسراو بە گرووپی حەوت، ڕێژیمی ئێرانیان بە هێرشی دڕۆنی بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد.
شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەمەبەستی تاوتوێ کردنی هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگری”مێرسێر ئێستریت” لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی دەریای عەممان پێکهێنا و وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی زلهێزی پیشەیی ناسراو بە “گرووپی حەوت” ڕایانگەیاند کە بەپێی هەموو بەڵگەکان ئێران هۆکاری هێرش بۆ سەر ئەو نەوتهەڵگرەیە و هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لەو بەیاننامەیەی کە بەرپرسی دەورەیی گرووپی حەوت”بریتانیا” بڵاویکردوەتەوە، بۆ لۆمەکردن و سەرکۆنەی ئێران هاتووە کە هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئێران هێرشی کردۆتە سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل و ئەم کارەی ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و ئێران بە پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیاکان، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەیی.
هەرلەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” سی ئێن ئێن” فەرماندەهی ئەرتەشی ئەمریکا”سێنتکام” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تیمی پسپۆڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پاش لێکۆڵینەوەکانی بەو ئاکامە گەیشتووە کە ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە ماددەی تەقینەوەی شەڕ هێرشی کردۆتە سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل.