کەس نییە لە کوردستان ناوبانگی “نییەر”ی نەبیستبێ. لە مێژە گوندی نییەر نازناوی مەکۆی قارەمانپەروەریی پێ دراوە. ئەو گوندە تا ئێستا بە دەیان کەس لە لاوەکانی خۆی کردوون بە قوربانی و فیدای ئامانجە بەرزەکانی حیزب و گەلی کوردی کردوون. “نییەر” لە ناوچەی ژاوەڕۆی سنە، لە داوێنی کێوەکانی مێرگەوار، لەنێو دۆڵێکی کپ و لە ئامێزی دارستانێکی سەر سەوزدا هەڵکەوتووە. گوندێکی خۆش و دڵڕفێن و سازگارە. نزیکەی ٥٠٠ ماڵ دەبێ. خەڵکی ئەم ئاواییە زۆربەیان خزم و کەسوکاری یەکترن و پاشگری بنەماڵەییان “مینبەری”یە. ئەو شۆرەتە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ئاشنایە. زیاتر لە پەنجا کەس لە مینبەرییەکانی گوندی نییەر لە سەنگەری خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆنە پەرستی ئاخوندی دا شەهید بوون.
لە “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەدا، یاد و بیرەوەریی یەکێک لە شەهیدە سەربەرزەکانی حیزب و گەل دەکەینەوە کە لە گوندی نییەردا چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە ڕەوتی خەبات و بەربەرەکانی لەدژی کۆماری ئیسلامیدا شەهید بوو، ئەویش “حەسەن مینبەری”یە کە لە هێزی “بێستون”دا گەشەی کرد و چیرۆکی مەرگی سەربەرزانە و پێشمەرگایەتیی دەکەینە سەرمەشق.
حەسەن مینبەری، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی هەروەک گوتمان لە ئاواییە جوان و ڕازاوەکەی نییەر چاوی بە دنیای پر لە زوڵم وبێعەداڵەتی هەڵێنا. تەمەنی منداڵیی ئەویش وەک تەمەنی منداڵیی زۆربەی منداڵانی کوردستان لە ڕەنج و کوێرەوەری و بەشمەینەتیدا تێپەری. ئەو نەیتوانی بخوێنێ و قوتابخانەی نەدی. بە منداڵی شانی دایە بەر ڕەنج و ئارەقڕشتن و کوێرەوەری. هێشتا منداڵ بوو کە دایکی کۆچی دوایی کرد و دواتر کە کەمێک باوخۆشتر ببوو، بۆ کار و دابینکردنی خەرجی خۆی، ڕووی کردە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ملی لە کرێکاری نا. هەموو ئەمانە حەسەنیان لە بۆتەی ڕەنج و کوێرەوەریدا قاڵ کردبۆو. هەربۆیە سەرتاسەری وجودی هەستی عەدالەتخوازانە و خەباتگێرانە بوو.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و گەشەسەندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد شەهید حەسەن پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت و وەک لایەنگرێک دەستی بە کار و تێکۆشانی حیزبی کرد. ئەو بەو پەڕی هۆگرییەوە لەنێو خەڵکدا تێدەکۆشا و هەر لەوسۆنگەیەشەوە ڕێژیمی ئاخوندی گرتی و خستیە زیندانەوە. ئەو گرتن و زیندانی کردنە چەند جار دووبارە بۆوە و سەرەنجام ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، حەسەن بەتوندی کەوتە ژێر چاوەدێری. ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی، هێزە دژی گەلیەکانی ڕێژیم بۆ گرتنی حەسەن، دەوری ماڵێیان دا، بەڵام حەسەن زوو خۆی دەرباز کرد و خۆی گەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب و پاشان لە هێزی بێستوون سازمان درا. بەم جۆرە قۆناخێکی تازە لە ژیانی حەسەن دەستی پی کرد کە قۆناغی پێشمەرگایەتییە.
شەهید حەسەن زۆر زوو نیشانی دا کە ڕۆڵەیەکی بەوەج و فیداکاری حیزبە. زوو توانی ڕێز و خۆشەویستی هاوڕێیانی بۆلای خۆی ڕاکێشێ. ئازا و بەوەج و هەڵسووڕ بوو. ساڵی ١٣٦٤ ی هەتاوی، وەک فەرماندەری پەل لە هێزی بێستون دیاری کرا. دوو ساڵ دواتر کرا بە فەرماندەری لک و لە هێزی “زاگرۆس”دا تێکۆشانی خۆی درێژە پێدا. حەسەن لە هەموو مەسئوولییەتەکانیدا جیدی و کارامە و لێهاتوو بوو.
حەسەن مینبەری برایەکی قارەمانیشی لە سەنگەری خەبات لەدژی دوژمنانی ئازادیدا شەهید بوو. ئەو برا سەربەرزەی حەسەن شەهیدی نەمر و هەمیشە زیندووی حیزب کاک عەبدول مینبەری بوو کە پایزی ساڵی ٦٢ لە جەریانی گیرانی مۆڵگەکانی دوژمن لە مێسورا و نییەر و تەنگیسەردا، گیانی خۆی بەخت کرد. حەسەنی مینبەری، جێگای بڕوا و متمانەی خەڵک و زەحمەتکێشانی ناوچە بوو. ناو و ئازایەتی و قارەمانەتیی ئەو، وێردی سەر زاری خەڵک بوو.
حەسەن مینبەری لە جەریانی ژیانی پیشمەرگایەتیدا چەند جار بریندار بوو و لەسۆنگەی ئازایەتی و هەست بە بەرپرسایەتییەوە چوار جار بە نووسراوە تەشویق کرا. لە شەڕەکانی ئەوکاتی ناوچەکانی بێڵەوار، هەورامان، لەیلاخ، ژاوەرۆ، چەمشار، مەریوان و دیواندەرەدا نەخشێکی گرنگی دەگێڕا. حەسەن کادرێکی سیاسیی هەڵسوڕ و ڕێکخەریش بوو. بەڵام بەداخەوە زۆر نەژیا تا خزمەتی زۆرتر بە حیزب و گەل بکا.
ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، لە کاتێکدا دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی زاگرۆس و بێستون، بۆ حەسانەوە چووبوونە شوێنێک بە ناوی باخە بووچکەلە دوژمن پێیانی زانی و لە چەند لاوە هێرشی کردنە سەر. سەعاتی ٥/١ ی پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە شەڕێکی توند و خوێناوی دەست پێ کرد و تا سەعاتی ٨ی ئێوارێ دەکێشێ و سەرەنجام بە شکانی دوژمن کۆتایی هات. بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان، سێ فەرماندەی کارامەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی حەسەن مینبەری، نەجمەدین مینبەری، کاک کامیل حەسەنپوور، شەهید بوون و چوونە نێو کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و گیانیان بەختی ماف و ئازادییەکانی گەلە بەشخوراوەکەیان کرد.
یادیان بەخێر بێ و ڕێگایان هەروا پر ڕێبواربێ.