ئەوانەی وەک دارسمەی موخلیستان تەمەنیان زۆرە و لەم ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دەژین و کۆلکە خوێندەوارییەکی سەردەمی “شا”یان هەیە، هەموویان یەکەمجار وشەی دەستیان بە نووسراو بە فارسی دیتووە و ئەویش مێژووەکەی بۆ ڕستەی ” اسد داس در دست دارد”ی کتێبی فارسیی پۆلی یەکی سەرەتایی زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هەر ئەم لاپەڕەیە کە بۆ ناساندنی پیتی “د” بە قوتابیانی سەرەتایی دانرابوو، بە مەبەستی زیاتر شیکردنەوەی ئەم پیتە وشەی “داس”یشی تێدابوو. وشەی “داس” لە نێو ڕستەی ” اسد داس در دست دارد”دا بوو. دایارە دواتر کاتێک گەورەتر بووین و زیاتر لایەنە ماناییەکانی “دەست” و تەنانەت “داس”یشمان دیت و شیمان کردنەوە یان بۆمانیان شیکردەوە، بە ئاکامی زۆر سەیر و سەمەرە گەیشتین.
هەزار خۆزگە بەوکاتە لە پۆلی یەکی سەرەتایی دەمانخوێند و وامان دەزانی تەنیا ئەسەد “دەست” و “داس” و تەنانەت “سەبەد”یشی هەیە. سەد هەزاز خۆزگە بۆ ئەودەمی دەخوازین. ئەوکات وێنەی ئەسەدیش لەسەر لاپەڕەی کتێبەکە بوو. نە ڕیشی درێژ و چڵکنی هەبوو و (بە داوای لێبووردن لە ژنان و پیاوانی “فێمێنیست”) نە سمێڵیشی پاک پاک تاشیبوون.
ماموستا هێمنی شاعیریش دەبێ داوای لێبووردن لەپێشدا لەمن و لە خوێنەرانی ئەم چەند دێرە بکا. وادیارە یەکێک لە شێعرەکانی کە ئەویش وشەی “داس”ی تێدایە، هەستی بە بوونی “داس”ی نێو ئەم چەند دێڕە کردووە، بۆیە خۆی هاویشتە نێو باسەکە:
“داس”ی مەرگ و نەمان دەسوێ
هەوەڵ گەوزی داوێتە کوێ؟
لێرەدا “هێمن”ی “موخەڕیب و دژە شۆڕش” و سەر بە “سەهیۆنیزم” و “ئیستکباری” جەهانی وایکرد “داس”یش وێرای “دەست” بخەینە بەر لێکدانەوەی فەلسەفیانەوە.
دوای ئەم چل پەنجا ساڵە مام ئەسەدی نێو کتێبی سەرەتاییش بیر و باوڕی گۆڕاوە و ڕیشی داناوە. هەر ئەو نا، هەموو ئەو وێنانەی پیاوان لە کتێباندا ڕیشیان بۆ دانراوە و دامێنی وێنەی ژنانی ئەو کاتیش ئیستا لە کتێباندا هەتا سەرپەنجەی پێیان درێژ کراون. دەکرێ بشڵێین دامێنی ژنانی دامێنکورت کەمتر بە قوڕ و تۆز و خۆڵ دەبوو و ئەوان لەوانی دوایی ” داوێنپاک”تر بوون.
با بگەڕێینەوە سەر پێناسەی وشەی “دەست”. دیارە “دەست” بە تەنیا هەر “دەست”ـه و هیچی دیکە. تەنیا ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ و زیندەوەرانی “چوارپەلە”. هێندێک لەم “چوارپەلدار”انە لە بەشێکی دیکەیان جوانتر دەستیان پێوە دیارە و وەک دەڵێن لێیان دێتەوە. بۆ وێنە دەستی پشیلە لە کاتی بناگوێ خوراندنیدا، هی مەیموون لە کاتێکدا خۆی بە لقی دارانەوە هەڵدواسێ و هی “ئەسپ”یش له کاتی قەڵەمباز هاویشتندا. دەستی مرۆڤ زۆر سەیرە. مرۆڤ زۆر فێڵبازە و “دەستی خستووەتە نێو” زۆر شتەوە. بۆ وێنە لە خوارەوە سەیری “دەستی مرۆڤ” بکەن چۆن خراوەتە نێو ئەدەب و پەند و ئیدۆمەوە:
“دەستێوەردان”، “دوورەدەستی”، “دەستلەسەر دەست دانان” ،” دەستاودەست پێکردن” ، “دەستی ماندوو”، “دەستدرێژی”، ” دەستکورتی”، “دەستبەتاڵی”، “دەستەوئێخە”، “دەستاودەست”. “دەستوەشاندن”، “دەستلێهەڵگرتن”، “دەستلێهەڵینان”، “دەستلێهەڵێنانەوە”، “دەست تێوەرێنان”، “دەستخستنە نێو”، ” یەکدەستی”، یەکدەست بوون” و… .
دیارە دەست، لە زۆر وشەی لێکدراو و داڕشتن و ئێدیۆمی دیکەشدا “دەست”ـەڵاتدارە. بەڵام بۆ زیاتر فراوانکردنی بەرهەمی “دەست”ی مرۆڤ، تەنیا سووکەئاوڕێک لە دوو ئیدیۆمی کۆتایی واتە “یەک دەستبوون” و “یەکدەستی” دەدەینەوە. ئێمە هەتا ئێستا پێمان وابووە هەردوو دەستی مرۆڤ بەردەوام پێویستن. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەت لە ئێران بە درەنگەوە بۆمان دەرکەوت، دەکرێ بە “دەستێک”ەوە هەموو وڵات یەک دەست بکەی و “تەنانەت “چەپڵهشی پێ لێ بدەی.
دوێنێ واتە ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویی ئێرانی، پیاوێکی “یەکدەست”، “دەستەڵات”ی بە سەرۆكکۆمارێکی نوێی ئێران دا کە چل ساڵە بۆ “یەکدەستکردن”ی دەستەڵاتی ئەم وڵاتە تێ دەکۆشێ و ئێستا بەتەواوی بەرهەمی ئەم تێکۆشانەی خۆی دیتووتەوە. ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەو مێژوونووس و چاودێرانەی دەڵێن “ئەم کابرایە ئەو ڕۆژەی تەقەمەنییە کەمەکەی لەنێو “دەنگوەرگر” واتە “ڕێکۆردەره” کەی بەردەمی دانا، نەیدەزانی “دەستێک”ی دەڕوا، بەڵام دەیزانی بریندار دەبێ. دیارە دواتر بە دەستە پەڕیوەکەی خۆی لەبەرچاوی هاوبیرانی شیرین کرد و بە دەستەکەی دیکەی هەتا کۆتایی تەمەنی “دەسەڵات”ی قۆستەوە و وەک دەڵێن وڵاتی “یەکدەست” کرد و هەرچی هێلکەی هەبوون، خستنیە نێو “سەبەد”ی خۆیەوە.
تێبینی: سەرۆککۆماری نوێی ئێران، دەگەڵ ئەوانەی بەتەمایە بیانکاتە ئەندامی کابینەکە، بەردەوام لەپیناو” یەکدستکردن”ی دەستەڵاتی کابرای “یەکدەست”دا داسی مەرگ و نەمانیان ساویوە.
تێبینییەکیش لەسەر تێبنییەکە، نووسینی تێبینی تەنیا لە داخی خۆ تێوەهەڵقوتاندنی دێڕە شێعرەکەی هێمنی شاعیر بوو.