وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ئێران لە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەدەست هێنانی چەکی ناوکی بەردەوامە و ئەگەر پێشی پێنەگیردرێ کەمتر لە ٣ مانگی دیکە دەبێتە خاوەنی چەکی ناوکیی.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ نوێنەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئورشەلیم وتی: کە ئێران تاکوو بەرهەمهێنانی یەکەم چەکی ناوکیی خۆی چەند هەنگاوێکی کورتی ماوە و دنیا دەبێ ئاگادار ببێتەوە و بۆ بەرگریی لەو کارەساتە هەنگاو بنێ.
ئەوە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە باس لە نزیکبوونەوەی ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی دەکات.
لەم مانگانەی دواییدا ڕێژیمی ئێران بە بیانووی ئەوەی کە دەوڵەتی ترامپ لە بەرجام هاتووەتە دەرەوە، پیتاندنی ئۆرانیۆمی گەیاندە لە سەدا ٦٠و جۆرێکی نوێ لە سانتریفیوژی خستووەتە بەردەست کە بە خێراییەکی زۆرتر دەتوانێ پیتاندنی ئۆرانیۆم بگەیێنێتە ئاستی لە سەدا ٨٠ تا٩٠ کە بۆ سازکردنی چەکی ناوکیی پێویستە.